كوردستان لەنێوان حانەو مانەدا

سه‌روتارى پيوكه‌ى ميديا
23:43 - 2023-01-03

رێرەوی ژیان و گوزەرانی خەڵك لە رێرەوی كەیسە سیاسييەكان جیا بكرێتەوە. ئەمە رەچەتە راستەكەیە بۆ چارەسەری كێشەی بودجە و موچەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، چونکە ئیدارە ناکات بە دەسکەلایەکی سیاسیی و لێکی جیادەکاتەوە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بە ناوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بە ناوی ویستی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستانەوە رێک ئەم پێشنیازەی خستۆتە بەردەم لایەنە دەربەستەكانی حوكمڕانی لە عیراق و كوردستان.
دیدارە چڕەكانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بەغدا، دیداری لەگەڵ سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی و دیدارەكانی لەگەڵ سەركردەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت ئەم ویستەی كردۆتە كۆدی چارەسەركردنی كێشەكان و خۆشكردنی نێوانی هەرێمی كوردستان و بەغدا. چونكە بێ ئەم رەچەتەیە زەحمەتە دەردی کوشندە و موزمنی نێوان هەولێر و بەغدا بێتە چارەسەركردن. ئەم پێشنیازەی سەرۆک بافڵ دیدێکی رۆشن و پەرۆشییەکی دەربەستانەی پێوەیە.
ساڵی ٢٠٢١ تیمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی نەخشەرێگای ئەم چارەسەرییەی گەیاندە كەنارێكی ئارام و لەسەر ئەو بنچینەیە بەشی كوردستان لە بودجەی عیراق جێگیر كرا. بەڵام بەداخەوە ئاراستەیەکی  خراپ لە بەغدا (لە هەندێك فراكسیۆنی دەسترۆیشتوو) و لە هەولێر (لە تیمی پارتی دیموكراتی كوردستان لە حكومەتی هەرێم ) بیانووگرن بۆ ئالودەكردنی كەشی چارەسەری كێشە داراییەكان و دۆزینەوەی رێوشوێنی متمانەپێكردن و جێبەجێكردنی ئیستحقاقەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. کە دەستووری بنچینەیی وڵات سەلماندویەتی و رێککەوتنی پێکهێنانی ئەم کابینە و کارنامەکەشی بە پێداگری وەفدی دانوستانکاری یەکێتی جەختی لەسەر کردۆتەوە. 
ئەفسوس ئەم ژینگەیە ژینگەی خراپ بە سیاسیكردنی دۆسێ ئابوری و داراییەكانە. باجی قورسیش هەر كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەیدەن كە شایستە داراییەكانی كوردستان دوا دەكەوێ . جا مەعلومە هەندێك ئاراستەی خراپ لە بەغدا بۆچی لە بیانووە چونكە چاوی کورتی شۆڤێنییان بە كوردستان هەڵنایەت ، بەڵام ئەی بۆ دەبێ ئیدارەی حكومەتی هەرێم كە تەنها پارتی هەژموونی بەسەریا هەیە ئەم بیانوانە بیانوو بڕ نەكات؟
راستێکەی ئەگەر پەرۆشی هەبێ بۆ بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی کوردستان بۆچی پارتی بەم ئەدا و كەرەستە خراپانەوە ململانێ لەگەڵ بەغدا ئیدارە دەدات؟
وابێ كە دەزگای بیروكراسیی لە ناو وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عیراق قسە و داشیان  سوار بێت و لێ نەگەڕێن سەرۆك وەزیران بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات  كە بەشێكە لە كارنامەی حكومەتەكەی و بەشێكیشە لە ئیستحقاقی دارایی كوردستان؟
ئەم راكێش ڕاكێشەیە سەرنج بۆ ئەوە دەبات دەڵێی پارتی و ناوەندی بیروكراتی ڕارەوەكانی بەغدا ئاو لە هەمان سەرچاوەی لێڵەوە دەخۆن، پاس دەدەنە یەك و وەك گۆرانی بێژی میللی بۆ یەكتری دەستێننەوە.

لەم نێوانەدا ئەوەی زیان دەكات تەنها و تەنها خەڵكی كوردستانە. وەكو لە ئەدەبیاتی دێرینی چەپی عیراقیدا لە حیكایەتی فلكلۆری عیراقییەوە وەرگیراوە (بين حانە و مانە ضاعت لحانا).
رەحمەتی شەهید فەهدی  سكرتێری حزبی شیوعی سەر دێری وتارێکی هەبوو (گەلی كورد لەنێوان حانە و مانە)دا.
بەداخەوە دوای نزیكەی سەد ساڵ خەریكە ئەم پەندە كۆنینە دێتەوە زمان.
ئەم دەردە نابێ دەردی بێ دەرمان بێت
چارەسەریش دیارە؛ بە بارمتە نەگرتنی ژیان و گوزەرانی خەڵكە،  یانی وەكو سەرۆكی یەكێتی ئاماژەیدا ؛ پێشنیازی جیاكردنەوەی رێرەوەكانی حوكمڕانییە. جیاكردنەوەی ژیان و قوتی خەڵكە لە ململانێی سیاسیی. ئەگەرنا هەر ئێستا دەردی ناوخۆی كوردستان بە سیاسیی كردنی حوكمڕانییە لەنێوان شارەكان ، دەردی بەغدا و هەولێریش هەمان دەردی کوشندە دەبێت .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP