‎یەکێتیی نوێ و نوێبوونەوەی راستەقینە

بنار محه‌مه‌د
22:43 - 2023-05-31

‎یەکێتیی نوێ و نوێبوونەوەی راستەقینە

‎بنار محمد
‎هاتنەوەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتێكدایە کە ئەمساڵ زۆر رووداو و گۆڕانکاریی بەڕێوەن، رەنگە کاریگەریی زۆریان لەسەر داهاتووی سیاسی هەرێمی کوردستان و عیراق هەبێت، بەو پێیەی یەکێتی هێزێکی سەرەکی و راستەقینەی نێو گۆڕەپانی سیاسی و فەرمانڕەواییە، دەکرێت نەخشی دیاری لەسەر ئەو رووداو و گۆڕانکارییانە هەبێت.
‎یەکێتیی نوێ، ریزێکی یەکگرتوو و سەرکردایەتیەکی لە جاران تۆکمەتری هەیە، سەرۆکێکی گەنج و پڕ وزە و ژیر و وریای هەیە، ئەوە دەرفەت دەڕەخسێنێت بەو هەموو خاڵە بەهێزەوە بتوانێت یادکردنەوەکەی بکاتە خاڵی وەرچەرخانی زیاتر و بەهێزێکی نوێ و کاراترەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکات و سەرکەوتنی گەورە تۆماربکات.
‎دامەزراندنی یەکێتی لە رۆژگاری شەوەزەنگدا، بووە هیوا و رووناکی رێگەیەکی بە تاریکی سپێردراو، یەکێتی جێگەی کەس و هێزێکی نوێی نەگرتەوە، بەڵکو بووە رێگە و رێبازێکی نوێ لە جۆشدانەوەی شۆڕش و خەبات و لەگەڵ هەر چرکەساتێکی تەمەنیدا، سەرکەوتنێکی نوێ و بێ وێنەی تۆمارکردووە، مێژوو شاهیدی ئەو راستیانەیە.
‎پرۆسەی نوێبوونەوە لە ریزەکان و سەرکردایەتیی یەکێتیدا، هەندێکجار و بە هۆکاری جیاواز، ویستراوە بووەستێنرێت، بەڵام هەرگیز نەوەستاوە، هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ ئاشتی و یەکڕیزی و یەک گوتاری لەپێناو کورد و دۆزە رەواکەی، ئەوەشی وەکو ئەرکی نیشتمانیانەی خۆی کردووە و باسکردنیشی بۆ عیبرەتە نەک منەت.
‎قۆناغ گۆڕاوە، یەکێتی ستراتیژ و بەرنامەی نوێی هەیە و داناوە، بەڵام شتێک لای یەکێتی نەگۆڕە ئەویش خەباتی نیشتمانی و پاڵپشتیی خەباتی نەتەوەیی کوردە لە هەر کوێیەک بێت، سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی شکۆی تاکی کورد لای یەکێتی هێڵی نەگۆڕی خەباتی بێ وچانێتی..

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP