دۆسیەی نەتەوایەتی

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
11:53 - 2023-07-08

ھەندێک باس لەوە ئەکەن کە گوایە ھەستی نەتەوایەتیمان بەرەو کاڵ بوونەوه ڕۆیشتووە. ئایا بەراستی ئەو ھەستە لە دڵ و دەروونی كۆمەڵانی خەڵکدا پوكاوەتەوه، یان بەرنامە و سیاسەتی ھەندێک لەحوکمڕانانی ئەم سەردەمەمانە، کە بە بیانوی جۆراوجۆر و لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیاندا، ئەیانەوێت ئەو دەستە چەورەیان بەسەری ھەموواندا بسڕن؟!
ھەستی نەتەوایەتیمان چۆن نەماوە کە لە بن ھەر تاشەبەردێكی كوردستاندا
شەھیدێك و لە بن ھەر دارستانێكی سووتاودا، سنەوبەرێك بەپێوەیە. كارەسات بەسەر ھەر ناوچە و پارچەیەکی کوردستاندا ھاتبێت، خەڵکی بە ھەستی پیرۆزو بەرزی نیشتمانپەروەری و كوردایەتییەوه، لەتە نانی دەمی مناڵەکانی خۆی لەگەڵ لێقەومانانا دابەش کردبێت، پیتاكی كۆكردبێتەوه بۆقوربانیانی دەستی غەدر و تیرۆر، تەنانەت ئەوەی جگەلە مدالیایەکی رۆژانی سەختی خەبات ھیچیتری نەبووە، مدالیاکەی گەردنی خۆی پێشکەش کردبێت، دەریدەخات كەھەستی نەتەوایەتیمان سەلامەتە و ئەوەی نەخۆشە، ئەو دەسەڵاتەیە كە رۆژ بە رۆژ بەرتەسكتر دەبێتەوه.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و ئەخلاقییەی بەرامبەر "كوردستان" ھەیەتی، و لەبەر ئەو خولیایەش كە بۆ بەستنی كۆڕ و كۆنفرانس سەبارەت بە بابەتی زۆر بێ بەھا ھەیەتی، خۆ ئەبوو لە سەد ساڵەی ئیتیفاقیەی لۆزان دا، لە ھەولێر كۆنفرانسێكیشی بۆ ئەو یاده رێکبخستایە. ئەرێ سەیر نییە كاكی حكومەت نەک ھەر خۆی لەو بابەتە میژووییە ناکاتە ساحیب، بەڵکو رێگەی بەشداریکردن بە ھیچ یەک لەو میوانانەش نادات کە دەبوو لە ھەرێمی كوردستانەوه بگەنە قامیشلۆ و بەشداری ئەو کۆنفرانسە بکەن؟
بەراستی نازانم ئایا حکومەتی ھەرێم دۆسیەی نەتەوایەتییشی داوینەتە کەرت و كۆمپانیای تایبەت؟ یانیش مەلەفی کوردپەروەیمانی سپاردوە بەم و بەو؟ لەم كاتەدا كە جیھان چاوی لەقامیشلۆیە تا لە سەد ساڵەی لۆزان دا، كورد و مەینەتییەكانی
بێنێتەوه بەرباس، ئەو پەڕی ھەست نەکردن بەبەرپرسیاریتیە کە "حکومەتی ھەرێمی كوردستان" دەروازەی سێمالکا بەسەر ئەو میوانانەدا دابخات کە دەیانویست لە خاكی ھەرێمەوه، بەشداری لە کۆنفراسی لۆزاندا بکەن.
ئەو پەڕی شەرمەزاریشە کە بۆ ناردنی ھاوکاری، لۆرییەک شیر بۆ مناڵان یان رۆیشتنی شاندێک بۆ رۆژئاڤا، ھەرێمەکەمان نەتوانێت و نەوێرێت و جورئەت و كەسێتی و توانای ئەوەی نەبێت کە لە دەروازەیەکی سنوری ژێر دەسەڵاتی خۆیدا، لە خاكی خۆیەوه کار ئاسانی بکات بۆ خوشك و برا ھاونەتەوەكانی، سەرباری ئەمە، بشبێت بە رێگر و كەشێك دروست بكات كە خاوەندارانی
راستەقینەی دۆسیەی كوردایەتی ناچار بکرێن پەنا بەرنە بەر حکومات و گروپ و لایەنی تر بۆ ھێشتنەوەی كەیسی نەتەوایەتی كوردستان بە زیندوویی.
دەسەڵاتێك بە كردەوه ئەمە كارەكەی بێت، ھەڵبەت بە دروشم ھەر لەسەردەمی (ئەی ڕەقیب ) دا ئەیخولێنێتەوه.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP