لەم رۆژانەدا 100 ساڵ بەسەر پەیمانی نێودەوڵەتی لۆزاندا تێدەپەڕێ، كە لە نێوان هاوپەیمانە براوەكانی جەنگی یەكەمی جیهانی و توركیا مۆركرا.
لە پەیماننامە مۆركراوەكەدا، نەك هەر وەك گەلانی تری ژێر سایەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی؛ سەربەخۆیی بە كورد رەوانەبینرا، بەڵكو لە پرەنسیپەكانی ویدرۆ ویلسن بێ بەهرە و لەو مافەش بێبەشكرا، كە لە پەیمانی سیڤەر (1920) بۆی دیاریكرابوو. بەپێی ئەو رێكەوتنە، نەخشەی (سایكس-بیكۆ-1916) بە خراپترین شێوە جێبەجێكرا، كوردستان دابەشكرایە سەر چوار بەش، ناویشی وەك نیشتمانی كوردان لە پرۆتۆكۆڵە نێودەوڵەتییەكاندا سڕایەوە!.
«هاوكاری و هەماهەنگی هێز و رێكخراوە كوردستانییەكان لەناوخۆیاندا بەتایبەت و لەگەڵ حزب و رێكخراوە دیموكراتییەكانی وڵاتان بەگشتی بەهەندوەربگیرێت»
«بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواكانمان، پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگی و شێوازی جۆراوجۆری خەباتی هاوبەش هەیە، بەڵام لە هەمانكاتدا لەبەرچاوگرتنی جیاوازی و تایبەتمەندییەكان زۆر گرنگ و پێویستن»
لەو رۆژەوە، واتە (24ی تەمموزی 1923) تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، سەرەڕای خەبات و قوربانیدانی بەردەوامی، هێشتا گەلی كوردستان لە دەستی دەرئەنجامەكانی ئەو پەیماننامەیە دەناڵێنێت و نەیتوانیوە سنوورەكەی ببەزێنێت. هەرزوو گەلی كوردستان هەستی بە مەترسییەكانی ئەو پەیماننامەیە كردووە، بۆیە دوو ساڵ دواتر، بزووتنەوەی رزگاریخوازی شێخ سەعیدی پیران (1925) دژی رژێمی كەمال ئەتاتورك سەریهەڵدا و مەیدانی خەباتی گرت. لە رۆژهەڵاتیش لە دوای جەنگی دووەمی جیهان، كورد دەرفەتی لەدەستنەدا و توانی لەسەر بەشێكی خاكەكەی خۆی كۆمارێكی ئۆتۆنۆم رابگەیەنێت، بەڵام بە كاریگەریی سیاسەتی نێودەوڵەتی؛ زیندەبەچاڵ كرا، بزووتنەوەكانی ئیحسان نوری پاشا و سەید رەزای دێرسیم، لە باشووریش شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێ و لە رۆژئاواش سەرهەڵدانی (2012) ئەڵقەی زنجیرەیەكی نەپساوەی خەبات و تێكۆشانی 100 ساڵەی گەلی كوردستانن، بەڵام جیۆپۆلەتیكی ناوچەكە و بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەكان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی، كە كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، هێندە گەورە و كاریگەرن، تا هەنووكە نەمانتوانیوە ئەو تەوقە نەفرەتییە تێكبشكێنین، كە لە لۆزان مۆری نەكرانەوەی لێدراوە.
بێگومان، لەو ماوە دوورودرێژەدا، دەوڵەتی نەتەوە سەردەستەكان لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشانی گەلەكەماندا، دەستەوەستان دانەنیشتوون و بەردەوام لە هەوڵی سەركوتكردنی جووڵانەوە رزگاریخوازەكان و بەتورك و بەفارس و بەعەرەبكردن بوونە. ئەوەی جێی سەرنجە ئەو چوار دەوڵەتە (جگە لە عیراقی نوێ-دوای 2003) هەمیشە بوون و دواڕۆژی خۆیان لە تواندنەوەی كورد لەناو بۆتەی نەتەوە سەردەستەكانیان بینیوەتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە لە دوای ئەو پەیماننامەیە دەیان رێكەوتنی چوارقۆڵی، سێقۆڵی و دووقۆڵییان لە نێوان خۆیان و دژی مافە رەواكانی كورد كردووە، تەنانەت ئەگەر لەناو خۆیاندا لەوپەڕی ناكۆكییە سیاسی و نەتەوەیی و مەزهەبییەكان بووبن، هێشتا پەراوێزێكی لێكتێگەیشتن و هاوهەڵوێستییان لەبەرامبەر دۆزی كورد هەر هێشتۆتەوە!.
سروشتی خەباتی گەلی كوردستان، دیموكراسی و مەدەنییە، بۆیە پێویستە بەوپەڕی توانا و هێزەوە گەشە و پەرە بە كار و خەباتی ئاشتیانە بدرێت
«بۆ بڕیاردان لەسەر پێكهێنانی چەترێكی نیشتمانی، پێویستمان بە كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەیە»
100 ساڵ بەسەر مۆر و دابەشكردن و سڕینەوەی دەستەواژەی كوردستان و بێبەشكردنی كورد لە مافە رەواكانی خۆی تێپەڕی. لە ماوەی ئەو 100 ساڵەدا هەمیشە توانا سەربازی، مادی و مەعنەوییەكانی هەر چوار دەوڵەتەكە بۆ تواندنەوەی كورد لە گەڕدابوون. ئەو چوار دەوڵەتە؛ نەك هەر ئامادەبوون سازش بۆ یەكتری بكەن، بەڵكو لەبەرامبەر كێشەكە چۆكیان بۆ شەیتانیش داداوە. لە ماوەی ئەو 100 ساڵەدا خەباتی كورد بەردەوام بووە و قوربانییەكانمان سەدان و هەزارانی تێپەڕاندووە. لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشەكە، ئەو دەوڵەتانە هەمیشە خۆیان رووبەڕووی گرفتی گەورەی ئابووری، سیاسی، سەربازی و ئاسایش بوونەتەوە و سەدان هەزار رۆڵەی نەتەوەكانی خۆیان لە خوت و خۆڕایی كردوونەتە قوربانی جەنگێكی ناڕەوا، كەچی نە ئەوان دەستبەرداری ئەو سیاسەتە شۆڤێنییە چەوتەیان بوونەوە و دەبن، كە هەرگیز لە بەرژەوەندیی خۆیان و نەتەوە سەردەستەكانیان نەبووە و نابێت، نە كوردیش لە خەبات و قوربانیدان ساردبۆتەوە و دەبێتەوە!.
ئەگەر ئاوڕێك لە بیست ساڵی رابردوو بدەینەوە، دەبینین رووخاندنی رژێمی سەدام لەسەر دەستی هاوپەیمانان و هێزە نیشتمانپەروەرەكان لە ساڵی (2003)، ریفراندۆمی ساڵی (2017)ی باشووری كوردستان، داگیركردنی عەفرین و سەرێكانی و گرێسپی لە رۆژئاوا (2018-2019) راستییەكیان سەلماندەوە ئەویش ئەوەیە كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادەی گۆڕینی نەخشەی جوگرافی ئەم ناوچەیە نییە. كەواتە بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانمان، هێشتا رێگایەكی دوور و سەختمان لەپێشە. لێرەدا پرسیارێك دێتە ئاراوە:
ئایا دوای 100 ساڵەی لۆزان، كورد هەر بە شێوازە نەریتییەكە خەبات بكات و بەردەوام بێت، یان پێویستی بە پلانی نوێ و شێوازی تر هەیە؟.
وایدەبینم كە پێشكەوتنی تەكنەلۆجیای جەنگ، پێشكەوتنی هۆیەكانی گەیاندن و راگەیاندن، گۆڕانكاری و كێشە هەرێمی و ململانێ نێودەوڵەتییەكان، بابەت گەلێكن پێویستیان بە هەڵوەستەلەسەركردن، لەبەرچاوگرتن و لێكۆڵینەوەی ورد هەیە. بۆ ئەوەی بزووتنەوە مافخوازەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ هەلومەرجە گۆڕاوەكان خۆیان بگونجێنن و چیتر لەناو بازنە كۆنەكەدا نەسوڕێنەوە، پێویستە بە رەچاوكردنی تایبەتمەندی و هەلومەرجی ناوخۆیی هەر چوار دەوڵەتەكە، بیر لە شێوازی نوێی خەبات و تێكۆشان بكرێتەوە.
ئایا بۆ دەرس و پەندوەرگرتن لە مێژوو و ئەزموونی 100 ساڵە چی بكەین و چۆن هێز و تواناكانی كورد رێكبخەین و ئاڕاستەبكەین؟. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵانە بە پێویست دەزانم:
أ
یەكەم: بۆ بڕیاردان لەسەر پێكهێنانی چەترێكی نیشتمانی، پێویستمان بە كۆنگرەیەكی نەتەوەیی هەیە.
دووەم: هاوكاری و هەماهەنگی هێز و رێكخراوە كوردستانییەكان لەناوخۆیاندا بەتایبەت و لەگەڵ حزب و رێكخراوە دیموكراتییەكانی وڵاتان بەگشتی بەهەندوەربگیرێت.
سێیەم: سروشتی خەباتی گەلی كوردستان، دیموكراسی و مەدەنییە، بۆیە پێویستە بەوپەڕی توانا و هێزەوە گەشە و پەرە بە كار و خەباتی ئاشتیانە بدرێت.
چوارەم: بەهێزكردنی ناوەندە سیاسی و فەرهەنگییەكان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات.
پێنجەم: لەبەرچاوگرتن و پارێزگاریكردن لە قەوارەی هەرێمی كوردستان.
شەشەم: لەبەرچاوگرتن و پاراستنی ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری رۆژئاوا.
ب:
یەكەم: تێكەڵنەكردنی خەباتی چەكداری لە پارچەكانی كوردستان، چونكە ئەو بابەتە لەلایەك كێشەكان ئاڵۆزتر دەكات و لەلایەكی دیكەش مەرج نییە خەباتی چەكداری؛ هەموو كات لە هەموو شوێنێك گونجاوبێت.
دووەم: دەستوەرنەدانی حزبە كوردستانییەكان لە كاروباری ناوخۆیی پارچەكانی تر.
سێیەم: لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ناوخۆیی ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە، هەروەها لە هەر پارچەیەكی كوردستان، بەپێی تایبەتمەندی و هەلومەرجەكانی خۆی، كار و خەبات بۆ مافەكان بكرێت.
بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواكانمان، پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگی و شێوازی جۆراوجۆری خەباتی هاوبەش هەیە، بەڵام لە هەمانكاتدا لەبەرچاوگرتنی جیاوازی و تایبەتمەندییەكان زۆر گرنگ و پێویستن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP