‎ رۆڵی میوانخانەکانی کوردستان لەپێشخستنی گەشتیاریدا

ھیوا فەرەیدون عبداللە
14:19 - 2023-08-06

لەئێستادا کەرتی میوانداری و میوانخانەکان لەجیھاندا سات بەسات لەپێشکەوتن و گەشەکردندایە،بڕاندە بەناوبانگەکان و کۆمپانیا گەورە بەھێزەکانی ئەم بوارە لەپێشبڕکێیەکی بەردەوامدان
‎ لەگەڵ یەکتر لەڕوی پێشکەشکردنی خزمەتگوازیی و زیادبوونی ڕەزامەندی و ئاسوودەیی میوانەکان لەناو میوانخانەکەداو لەسەر ناو و نازناوی گەورە، ململانێی توندی بازرگانی دەکەن ئەمەش لەپێناو سەرنجڕاکێشان و قازانجی ماددی زیاتر، لەبەر  گرنگی ئەم کەرتە وڵاتان ناوەندی ئەکادیمی و پسپۆڕیی تایبەت لەم بوارەدا ئامادە دەکەن تا وڵاتەکەیان پێشوازیەکی شایستە لەمیوانان و گەشتیارانیان بکات.
‎نەتەوەی کورد ھەمیشە بە میواندۆستی و ‎مرۆڤدۆستی ناسراوە، بۆیە پێشوازیکردن و ڕێزگرتنی میوان جگە لە«ئێتیکێت» نەریت و کلتووری کوردی خۆماڵیە،گرنگە زیاتر فێربین چۆن بەشێوازێکی سەردەمیانە ھەڵسوکەوت بکەین و ڕێز لەدەوربەرمان بگرین، ئەمەش خۆی ئامانجی سەرەکی ‎سێکتەری (Hospitality) میواندارییە کە ئێمە پێویستە لەھەرێمی کوردستان زۆر پەرە بەم کەرتە بدەین ؛ئێمە دەبێت بەھۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ خۆمان و دواتر لەگەڵ کەسەکاندا بکەین، ھەر تاکێک لە ھاووڵاتیانی ئەم وڵاتە وێنەی کەسێتی کورد پێناسەدەکەین،بۆیە دەبێت ھەڵسوکەوتی ڕێزدارانە بنوێنین بەتایبەت لەگەڵ"گەشتیار"چونکە تەنھا بەمامەڵەیەکی جوان و بە ئێتیکێتەوە و بە ڕووخۆشیەوە پێشوازی و گفتۆگۆمانکرد ئەوە ڕاستەوخۆ کاریگەریی گەورەی ئەرێنی لەھزری گەشتیاردا دروست دەبێت بەرامبەر بە نەتەوە و وڵاتەکەمان؛ گەشتیار میواندۆستی ھەموو کورد تەنھا لەھەڵسوکەتی تاکێکدا دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە ھەمووان ھەمیشە ڕێزدار مامەڵە بکەین لەگەڵ گەشتیاراندا کەشارەزای شارەکەو وڵاتەکەت نین،ھەستێکی نامۆیان ھەیە.. بۆیە دەشێت ھەر یەک لەئێمە ببینە ڕێبەرێکی گەشتیاری بۆیان ڕێنموونیان بکەین و ھاوکاریان بین لەپێدانی زانیاری لەسەر ناوچە گەشتیارییەکان و وڵاتەکەمانیان ئاشنا بکەین،ئەمەیە مانای میوانداری لەشێوازە سادەکەیدا کەزیاتر ئەم ھەڵسوکەوتانە و شێوازی مامەڵانە میوانخانەکان و شوێنەکانی مانەوە دەبێت پیادەی بکەن.
‎لەئێستادا بەھۆی پێشکەوتنی ئەم کەرتەو زۆربوونی گەشتیار لەسەرانسەری جیھاندا بەبەردەوامی و ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی میوانخانەکان زیاد دەکەن، کەدوایین ئامار لە ساڵی ۲۰۲۲دا، کۆی گشتی (۷٤۲،۷۲۸)هۆتێلی گەشتیاری لە سەرانسەری جیهاندا هەن، ئەمیش بەنزیکەی (١٧.٥)ملیۆن ژووری مانەوە لە جیهاندا هەن. پیشەسازی میوانداریی جیهانی بەهای زیاتر لە ٤.٥٤٨ ترلیۆن دۆلارە..
لاس ڤێگاس پلەی یەکەمی هەیە بۆ زۆرترین ژووری هۆتێل بە زیاتر لە 150،000 ھەزار ژوور و نیویۆرک لە پلەی دووەمدایە بە زیاتر لە 115 هەزار. هەروەها نیویۆرک زۆرترین ژووری خاوێنی هۆتێلی هەیە لە ئەمریکا؛ ئەم ژمارانە ئەو ئاماژەیەمان پێدەدەن کە بوونی میوانخانەکان جگە لەشوێنێکی مانەوە دەکرێت ببێتە شوێنێکی بازرگانی و سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ وەبەرھێنان لەوڵاتدا کەئەمەش بوژانەوەی ناخۆیی دروست دەکات و ھەلی کار بێشومار ‎دەڕەخسێنێت، كەلەئێستادا بەپێی ئامارەکان ‎ژمارەی ئەوە کەسانەی لەکەرتی میوانداری ھۆتێلدا کاردەکەن نزیکەی (10.5 )ملیۆن کەس لە پیشەسازی هۆتێل و گەشتیاری جیهاندا کار دەکەن و بۆتە ھۆی ئەوەی ڕێژەی بێکاری لە وڵاتدا کەمبکاتەوە، کۆمپانیای گەورە لەئێستادا وەربەرھێنان دەکەن لەم بوارەدا یەکێک لەوانە ‎کۆمپانیای(marriott)ماریۆتی نێودەوڵەتیە کە گەورەترین بەش و پشک و لقی لەبازاڕی پیشەسازی هۆتێلدا تۆمار کردوە بە بەهای بازاڕی (58.7)ملیار دۆلاری ئەمریکی..
‎دووەم کۆمپانیای پێشەنگ لە پیشەسازی هۆتێلدا 42.8 ملیار دۆلاری ئەمریکی لە پشکی بازاڕدا هەیە، کە کۆمپانیای (Hilton) هیلتۆنە.
‎ئەم کۆمپانیایە زۆرترین لق و پشکیان ھەیە لەخاوەندارێتی زۆرترین ھۆتێلەکان لەجیھاندا.
‎لەھەرێمی کوردستان بەپێی دوایین ئامارەکانی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ژمارەی میوانخانەکان (٤٣٢) و ئاپارتمانی ڕاخراو ‎(٧٢٣) دانەن، کە بەسەرجەم شوێنەکانی مانەوەوە خاوەنی (٤٧,٨٧٠) بێد و قەرەوێڵەی مانەوەین؛ ئەم ژمارانەش بەردەوام ڕوو لەزیادبوون دەکەن و گەشتوگوزار و ژمارەی گەشتیاریش لەبەرزبوونەوەدان، لێرەدا ئەوەی جێی سەرنجە نەبوونی شوێنی مانەوەو میوانخانەکان نین، بەڵکو شێوازی پێشوازیکردن و خزمەتگوازی گەیاندن و بەدەمەوە چوون،مامەڵەی گەرموگوڕی پڕ لەڕێز و ئەتەکێتە ‎بەرامبەر گەشتیاران کەکارمەندانی ناو ھۆتێل و خودی دامەزراوەی ھۆتێل پێوستە چۆن کاربکات ‎بەگشتی ئێمە چاومان لەسەر ھۆتێلەکانی سێ ئەستێرە بەرەو سەرەوەن ئەوانەی میوان و گەشتیاری پلەناوەند لەخۆدەگرن، کەزۆرترین کاریگەریی دروست دەکەن، یەکەمین کار میوانخانەکان بیکەن ئەوەیە کارمەندەکانیان سەرجەمی ئەو کەسانە بن کە دەرچووی بەشە گەشتیاریەکان بن،چونکە بەشێوەیەکی ئەکادیمی ‎خوێندویانە و دەزانن لەشێوازی کرداریدا چۆن ‎مامەڵە بکەن، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی ھۆتێلە باڵاکان و ٥ پێنج ئەستێرەکانیش ئەم ھەنگاوەیان نەناوە، نەک ھەر ئەوەش کارمەندەکانیان زۆرینەی نەتەوەکانی تری وەک (عەرەب، ھند، بەنگلادیش) ین بەداخەوە کەئەم کارمەندانە ناتوانن بەشێوازێکی دڵسۆزانە و گونجاوانە پێشوازی لەگەشتیاران بکەن، دواتر نەبوونی (ڕێبەری گەشتیاری) لەھۆتێلەکان بەتایبەت ٤ ئەستێرە و ٥ ئەستێرەی دیلۆکسدا، کەئەمە یەکێکە لەکەموکوڕیەکان لەھۆتێلەکانی کوردستاندا زۆر بەدی دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت ‎و نەزانینی خاوەن و بەڕێوبەرانی کارگێری ھۆتێلەکان، کەنابێت گەشتیارێک تەنھا وەک کیسە پارەیەک ببینن، دەبێت لەدوای پێشکەشکردنی خزمەتگوازییەکانی ھۆتێلەکە لەڕێگای کەسێک ‎کەپیشەكەی ڕێبەری گەشتیارییەو شارەزای تەواوی ھەیە لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستان و ئەو شارەدا کەتێدایە، دەبێت ھۆتێل ھۆکارێک بێت بۆ ناساندن و ئاشناکردنی کوردستان و شارەکەی لەڕێگەی ڕێبەری گەشتیاریەوە نەک تەنھا خزمەتگوازییەکانی ھۆتێلەکەی پێ بفرۆشێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕێژەی گەشتیارانمان زیاتربکەین شوێنە گەشتیارییەکان و سروشتیەکانی کوردستان ببینن، یەکێکی ترە لە خاڵەگرنگ و ئاڵتونیەکان پێگەی کلتووری و ڕۆشنبیری ناو ھۆتێلەکە و ڕۆشنبیری کارمەندانی، سەرەتا دەبێت خاوەن ھۆتێل و بەڕێوبەر ھەر لەگەڵ دروستکردنی بینای ھۆتێلەکەدا ھەر لەھەڵبژاردنی ناوی ھۆتێلەکەوە بۆ  ئەوەی گەر بکرێت کە سوچێکی تایبەت لەھۆتێلەکەدا ئامادەبکات بۆ نیشاندانی کلتووری کوردی ھەم لەکەرەستەی بیاناسازیدا بەشێوازێکی کۆن و ڕەسەنی کوردەواری ببەخشێت، ھەم کۆمەڵێک کەلوپەل و جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی نمایش بکات و لەگەڵ ئەوەشدا بەکارھێنانی موزیک و گۆرانی کوردی و پڕکردنەوەی دیوارەکان بە تابلۆی کوردی کەگوزارشت بێت لەکەلتووری ڕەسەنی کوردەواری نەک تابلۆیەکی بیانی نەناسراو و مانا بەخش نەبێت، چونکە بیرمان بێت ‎گەشتیاران ھەمیشە دەیانەوێت شتێکی جیاواز لەوەی لای خۆیان ھەیە تاقیبکەنەوە نەوەک ھەر لاساییکردنەوەیەک و کۆپیەکی بەرھەمی وڵاتەکەی خۆیان بێت و ھیچ سەرنجێک ڕانەکێشێت بۆیە دەبێت زیاتر پەرەبدەین بەم بوارە لە ھۆتێلدا چونکە لەلێکۆڵینەوەیەکی Booking.com دەریخستووە کە ٦٠٪ی بەشداربووان "دەیانەوێت ئەزموونی ڕاستەقینەیان هەبێت کە نوێنەرایەتی کلتووری ناوخۆ دەکەن" کاتێک گەشت دەکەن. ئەمە دەتوانێت بە دیزاینی هۆتێلەکە دەست پێبکات، کە دەتوانێت ناسنامەیەکی جیاواز دروست بکات و هەستێکی شوێن بە تێکەڵکردنی توخمەکان کە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی ناوخۆییە. ھیوادارین چیتر ھۆتێل و مۆتێلەکان تەنھا بیر لەقازانجکردنی خۆیان نەکەنەوە بەڵکو ھاندەرێك بن بۆ زیادکردنی گەشتیار بۆ تەواوی وڵات و شارەکە ئەویش لەڕێگەی ئەو ھۆکارانەی وادەکات گەشتیار دووبارە بیربکاتەوە گەشتێك بکاتەوە بۆ ھەمان وڵات و شار.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP