لیبرالیزم و ئەزمونی سیاسی

عبدللە سەکری
17:12 - 2023-09-09

مۆدێرنەو عەقڵانیەتی مۆدێرنە،بەتیۆریزەکردنی جیاوازیەکان و سەرلەنوێ ڕەخنەکردنەوەی سیستمی عەقڵانیەتی تاکڕەهەندو ڕیفۆرمکردنەوەی کلاسیزمی سیاسی دەستیپێکرد .
یەکێک لە هەندەسە سیاسی و مەعریفیەکانی مۆدێرنە،ڕوانگەی سیاسی لیبرالیزم بوو،لیبرالیزم هەم وەکو تایپێکی نوێی سیاسی و هەمیش وەک تەواوکارییەک بۆ سیستمی دیموکراسی لە ئاستێکی باڵاتردا،پێویستی سەرلەنوێ پێداچوونەوەو ڕەخنەکردنەوەی کایە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی هێنایە پێشەوە، بەجۆرێک کە بونیادە ئابوری و ماتریاڵیەکانی کۆمەڵگە لەگەڵ سەرخانە ئایدیاڵی و هاوکێشە سیاسی و پاشخانە کولتوری و فەرهەنگیەکان، بەردەوام کارلێکبکەن و بە ئاقاری گەشەکردن و چاکەی گشتی ئاڕاستە بکرێن .
لیبرالیزمی ئەزمونگەریی وەک ڕەهەندێکی سیاسی، یەکێکە لە بەرەنجامەکانی پەرەسەندنی مەعریفەی ئەزمونگەری و ڕەخنەکردنی عەقڵیەتی دۆگماو داماڵینی بەشێک لە بەهاو نۆرمە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لە موقەدەسات و سەرلەنوێ شیکار کردنەوەی مافە مەدەنی و سیاسیەکان، هەروەها گەڕان بەدوای هۆکار و هەڵهێنجانی دەرەنجامە زانستی و مەعریفیەکان لەجێگەی عەقائیدی دۆگماو باوەڕی چەقبەستوو کە زیاد لە حەڤدە سەدە کۆمەڵگەی ئەوروپی گیرۆدەی ئەفسانەسازی و تابۆ و ترس کردبوو، هەموو ئەو هاوکێشە ڕەخنەیی و گۆڕانکاریانە بە بناغەی کۆی سیستمی عەقڵانیەتی مۆدێرنە دادەنرێ، لەناو ئەو سیستمەشدا لیبرالیزمی ئەزمونگەریی، وەک هێڵێکی فکری - سیاسی تەجروبە ئامێز، وەک پڕۆژەیەکی هەمەلایەنە، دەیەوێت مرۆڤ لە قۆناغی بەپیرۆزکردنەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی نرخاندنی بونیادەکانی کۆمەڵگا لە ڕێگەی هێزی بیرکردنەوەو تێگەیشتنێکی عەقڵانی و مۆدێرنەوە، بەمەش تاک وەک کاراکتەرێکی چەپێنراو و ترسێنراو لەژێر تەوژمی دۆگم و عەقڵیەتی سەرو سروشتی و فەزای چەق خوازەوە، ڕووەو دووبارە خوێندەوەو ئافراندن و بونیاد نانەوەی کۆی ستراکچەرە ماددی و مەعنەویەکانی کۆمەڵگە هەنگاو دەهاوێژێت .
لیبرالیزمی ئەزمونگەری،دەیەوێت بە بەکارهێنانی تیۆرەکانی دیالێکتیکی مێژوویی،بیسەلمێنێت کە مرۆڤ بەرهەمی ئەو دیسکۆرسە سیاسی و فەزا کۆمەڵایەتیەیە کە تیایدا دەکەوێتە ژێر دیسپلینکردن و کاریگەریی بونیادە ماددی و مەعنەویەکانی کۆمەڵگە .
گۆڕینی کۆمەڵگە بەسەرلەبەری پێکهاتە جۆراو جۆرەکانیەوە،لە کۆمەڵگایەکی داخراو و سەپێنەرەوە بۆ کۆمەڵگایەکی کراوە کە تیایدا تاک وەک کاراکتەرێکی گرنگ و خاوەن ویست و ئیرادە لەڕێگەی فەهم و هزراندنی خۆیەوە چارەنوسی خۆی دیاری بکات،هەر وەک (کارل پۆپەر) ئاماژەی بۆ کردووە،هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و گرووپەکانی فشار و لەبەر چاو گرتنی مافی کەمایەتیەکانی ناو کۆمەڵگەو پاراستنی تایبەتمەندیی بیرکردنەوە جیاوازەکان لە گرنکترین خەسڵەتەکانی ئەم کۆمەڵگەیە بێت، ئەمە ئەو دەرەنجامەیە کە لیبرالیزمی ئەزمونگەریی مەبەستیەتی وەک بەرەنجامێکی گرنگ لە هاوکێشەکانی دیالێکتیکی مێژووییەوە بەدەستی بهێنێت .
دەکرێ لیبرالیزمی ئەزمونگەریی،وەک سەنتێزێکی سیاسی و فکری لێی بڕوانرێ کە بەرهەمی دوو ئاڕاستەی جیاوازی نێوان ( نیو لیبراڵەکان و سۆسیال لیبراڵەکان)ە لەبارەی بابەتە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان و کۆی ئەو میتۆدانەی پەیوەند بە ئەزموونەکانی تاک و کۆمەڵگا،وەک بنچینەیەک بۆ ئەم فۆڕمە سیاسیە کەڵکی لێوەردەگیرێت .
بە پێچەوانەی بەشێک لە تایپ و مۆدێلەکانی تری ناو فەلسەفەی سیاسی، لیبرالیزمی ئەزمونگەری تاک بە بەرهەمی پڕۆسە مێژووییەکانی کۆمەڵگا دەزانێت و پێیوایە زاتیی مرۆڤ لەدەرەوەی مێژووی کۆمەڵگە ناتوانێت ببێتە خاوەن ئیجابیاتێکی عەقڵانی، مرۆڤ لەناو تۆڕی تەجروبە سیاسی و ئابوری و پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا دەتوانێت کاراکتەرێکی گرنگ و بایەخدار بێت، چونکە مرۆڤ بۆ مرۆڤ ئۆبژەیەو تاکە کەس و مەودای ئازادی تاک و ژیانی تاک بابەتی کار لەسەرکردنی کۆمەڵگەیە،هەروەک چۆن کۆمەڵگەو ستراکچەرو بونیادەکانی کۆمەڵگە بۆ هۆشیاریی و فامکردنی تاک واقعێکە مایەی گرنگی و بایەخپێدانە .
وەزیفەی بنەڕەتی ئەم تایپە لە هزری سیاسی، دەستەبەری پێداویستی ماددی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گرنگیدانە بە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤ لەناو پلاتفۆڕمی دەسەڵاتی سیاسیدا،هەروەها بەرهەمهێنانی هۆشیاری دەستە جەمعی لە ڕێگەی کۆکردنەوەو بەشداری کۆی پێکهاتەو گروپە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا لە تەجروبە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکاندا .
ئەم ڕەوتە ئەزمونگەریە، وەک تەوژمێکی واقع بین و ڕیالیستی، دەیەوێت لە ڕێگەی گۆڕانکاری و چالاکیە مرۆییەکانەوە بناغەی ئاگامەندیی مرۆڤ دابڕێژێت کە تیۆرەکانی پەیوەندیدار بە گەشەکردنی سیاسی و سیستماتیزەکردنی ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگە بەشێکن لەم ئاگامەندیە .

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP