کورد بۆ کامیان بگری فەڵەستین یان ئیسرائیل؟

ئەحمەد رەفیق
21:32 - 2023-10-08

کورد بۆ کامیان بگری فەڵەستین یان ئیسرائیل؟
وتار-ئەحمەد رەفیق
بە سروشت مرۆڤ بوونەوەرێکی بە بەزەییە، هەندێک جار کە بابەتی سۆزدارییەکەشی دێتە سەر، ئیتر کەمتر توانای شەن و کەوکردنی لایەنە زاتیی و مەوزوعییەکانی دەبێت، ئەوەش وا دەکات نەتوانێت بە شێوەیەکی زانستی و واقیعی زاڵبێت بە سەر لێکدانەوەکانیدا.

گەر لێکەوتەی رووداوی هێرشەکانی باڵی سەربازی حە.ما.س بۆ سەر ئیسرائیل بە نمونە بهێنینەوە، دەبینین کۆمەڵگەی کوردیی بە سەر دووبەرەی دژ بە یەک دابەش بوون، بەشێکیان هاوسۆزی بۆ گەلی فەلەستین دەردەبڕێت، بەشەکەی تریشیان هاوسۆزی بۆ گەلی ئیسرائیلی! لە کاتێکدا هیچ لایەکیان ئاگایان لە رەهەندە مێژوویی و بابەتییەکانی ئەو دوو گەلە نییە بەرامبەر بە کورد و پرسە رەواکەی!

سەرەتا با لە ئیسرائیلەوە دەست پێ بکەین..! حکومەتی ئیسرائیل لە سێ وێستگەی زۆر هەستیاردا نەک هەر پاڵپشت و پشتیوانی پرسی کورد نەبووە، بەڵکو رۆڵێکی زۆر نەرێنیشی هەبووە، لە نسکۆی ١٩٧٥دا تەنانەت دەوڵەتی ئیسرائیل ئامادە نەبوو لە رێگەی بەیاننامەیەکیشەوە هاوسۆزی بۆ پرسی کورد دەرببڕێت. کاتێکیش سەرۆک ئۆج ئالان لە کۆتایی نەوەدەکان گەمارۆ درا، دەزگای سیخوڕی ئیسرائیل هاوکار و چاوساخی دەزگای سیخوڕی تەرکیا بوو لە گرتنی سەرۆک ئۆج ئالان. تازەترینیشیان ئەوە بوو لە شازدەی ئۆکتۆبەردا کڵاویان بۆ کورد دووری، چاومان خێل بوو، ئێستاو ئێستایش فڕۆکەی ئیسرائیلی هەر نەگەیشت!

ئینجا نۆرەی فەڵەستینە..!
بە درێژایی هەشت ساڵەی شەڕی ئێران-عیراق، گەل و دەسەڵاتیی فەڵەستین درێخیان نەکرد دژ بە جوڵانەوەی کورد لە کوردستانی عیراق، تەنانەت کاتێکیش رژێمەکەی سەدام بە چەکی کیمیایی بۆردومانی هەڵەبجەی کرد، عەرفات وتبووی خۆ نابێت کورد چاوەڕێی ئەوە بکات سەدام گوڵبارانی بکات! تەنانەت بە ئێستایشەوە گەل و دەسەڵاتی فەڵەستین بە ئاشکرا و بە نهێنی هاوسۆزی خۆیان بۆ سەدام و سیستمە سیاسییەکەی نەشاردووەتەوە، و بەردەوام جەخت لە هاوسۆز و پشتیوانیی سیاسەتەکانی سەدام و کردەوەکانی دەکەنەوە دژ بە کورد و دەر و دراوسێکانی عیراق.

ئەوەی کە دەبێت کورد بۆی بگری تەنهاو تەنها  بۆ خەم و ژانەکانی خۆیەتیی و بەس، چونکە کورد بێ پشت و پەنایە، جگە لە خودا و چیاکان کەسی دیکەی پشت و پەنای نییە. لەم سۆنگەیەوە دەبێت دوور لە سۆزی ئاینیی و مرۆییەوە و بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوو پێشهاتەکاندا بکەین، نەک ئەوەی بە رووداوێک ریزی میللەتەکەمان و کۆمەڵگەکەشمان بە شتێکی وەهالە کەرت و پەرتەوازە بکەین!؟

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP