ئوکتۆبەری هەرگیز لە بیر نەکراو نەبەردی ساڵی ١٩٩١ی یەکێتیی

ستران عەبدولڵا
09:25 - 2023-10-09

ئوکتۆبەرە ئەسڵییەکە کە هەوڵدەدەرێ تەپەسەر بکرێ  و بە چاڵ و بیری قووڵی فەرامۆشی بسپێردرێ، ئوکتۆبەری ساڵی ١٩٩١ و رۆژە بەهارییەکانی ئەو پایزەیە. رووداوە جێی شانازییەکانی ئەو رۆژانەی لەناو ئەدەبیاتی کوردستانا بە راپەڕینی دووەم ناسراون.  درۆ و دەلەسەی هاوشانی مێژووی ١٦ی ئوکتۆبەری ٢٠١٧ لە کەرکوک بەشێکی زۆری بۆ لێدانە لە سەروەری ئەو هێزەی دەیان داستانی وەک ئوکتۆبەری ساڵی ١٩٩١ هەیە و خەڵکی تر چارەکی هەرە بچوکی ئەو سەروەرییەیان نییە .
ئەم نەبەردییە دەستوبردەی پێشمەرگە ناو نرا راپەڕینی دووەم ، چونکە جگە لە هێزی حەریفی پێشمەرگەی کوردستان  بەسەرپەرشتی فیلەتەنەکەی یەکێتیی ، نەمر جەبار فەرمان ، جەماوەری راپەڕیوی گەرمیانیش بوونە بەشێک لە هێزی راماڵینی سوپای بەعس. ئەو ساڵەبوو کە یەکێتیی تەقڵەی بە فیل لێدا و وەزیری بەرگری رژێمی هێنایە ژێر خێوەتی دانوستانی رووبەڕوو و وەک یەکی لەگەڵ فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەدا،نووسراوی پێ ئیمزا کرد و سەدان زیندانی شۆرش و دۆستانی کوردایەتی لە چنگی بەعس دەرهێنا. مێژووی بێ رەحمی ئیمپریالی هەر باسی خێوەتی سەفوان دەکات کە عەسکەری فاشی سەددام لە خێوەتی شەرمەزاریدا قایش و نیتاق و ئەستێرەکانی سەرشانی تەسلیمی جەنەراڵی جەنگی رزگارکردنی کوێت ، نۆرمان شوارسکۆف کرد. ئەمما جەنەراڵی کوردستان ،جەبار فەرمان ، زۆر حەزی لە تیفتیفەی بیرەوەری نووسین نەبوو و ئەم شانازییەی بە دەفتەری مێژووی نەبەردی گشتی کوردستان سپارد کە پڕە لە ئەدگاری سەربازی ون و گیانبازی گومناو.تەژییە لە سەدان داستانی فەرماندە و پێشمەرگەکانی یەکێتیی. سەد ئەلبووم و دیکۆمنتاری گەرەکە تا قەید بکرێت.
دەفتەری  بروسکەکانی جەبار فەرمان لە ساڵی ١٩٩١ شتی تریشی تیایە، بۆ نموونە ئازایەتی و دەستپێشخەری پاراستنی تۆربینەکانی کارەبای کوردستان کە زیاتر لە سی ساڵە هەروا شەوق ئەداتەوە و خاسوعامی گەلەکەمان لێی بەهرەمەندن. هەروەها بروسکەی هەڕەشە و گوڕەشەی وای تێدایە کە لەبەر میری موفاوەزاتچی داوای راگرتنی جۆش و خرۆشی گەنجانی راپەڕیوی خولی دووەمی راپەڕین دەکات. ئەم نەبەردییەی ئوکتۆبەری ساڵی ١٩٩١ رێگای  بۆ راماڵینی بەعس لە تەواوی ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان کردەوە. لیژنەی تەنسیقی کاتی دانوستانی بەرەی کوردستانی پەکی کەوت و هەموو دەزگا و دایەرەی رەسمی دەوڵەتی بەعس کشانەوە. 
ئوکتۆبەری راپەڕینی دووەم مژدەی دەستپێکردنی حوکمی میللی و یەکەمین هەڵبژاردنی لە کوردستان دا بە گوێی یار و نەیاردا. گشتمان لەبەری ئەم دار وسێبەرە دەخۆین، هەیە سوپاسگوزارە و هەشە کانی ویژدانی کوێر بۆتەوە.
ئەم نەبەردییە بنتەمەڵی ئەزموونی خۆبەخۆی دانا و درزی قووڵی خستە دیواری پۆڵایینی فاشیەتی بەعسەوە، درزێک کە تا رووخانی لە ٢٠٠٣ هەروا گەورەتر دەبوو. نە خیانەتی سیویەکی ئابی ١٩٩٦ و نە ئەفسانەی ١٦ ئوکتۆبەری هەڵاتنی جەماعەت لەدوای ریفراندۆمی ٢٠١٧ ناتوانن لە بەهای ئەو وێستگە گرنگەی مێژووی یەکێتیی و باسکی بەهێزی پێشمەرگەی کوردستان کەم بکەنەوە. مێژووی بە رەنج و خوێن تۆمارکراو بەسەد جڵدی کتێبی بە باق و بریق رەنگڕێژکراو ناشێوینرێ. دەفتەری بروسکەکانی جەبار فەرمان و فەرماندە رەفیقەکانی ماون و عەدەد جیهازەکانیش دەقەکانیان لەبەرە

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP