ورەی بەرز و گرەوی عەقڵانی لە کەرکوک
ستران عەبدوڵلا
بەورەیەكی بەرزەوە دەچینە نەبەردی هەڵبژاردنەوە. لەگەڵ جوامێران، میرخاسان، خانمخاسان، چوونە شەڕ شاییە، شاییەكی دیموكراسییە كە دەبێ بەرپای بكەین و كۆششی بۆ بنوێنین . ڕاستە تەگبیر و نەخشەڕێ و بەرنامەی ورد بنچینەن بۆ سەركەوتن، بەڵام لە چونە سەرەتای كارەكەوە گرنگە بە عەزم و ورەی سەركەوتنەوە بۆی برۆین. هەناسە و نەفەسی كار نەفسی دەرئەنجامەكان وەدی دێنێت.
ئەگەر بە ڕوانین و ئیرادەی سەركەوتنەوە بێیتە كۆڕی ململانێی دیموكراتییەوە، براوەی ویست خۆتی و واقیعگۆڕیش دەبیت.
لە مێژووی هاوچەرخمان و بەتایبەتیش لەوەتەی خوێندنگەی ئاوەدان و پێشکەوتنخوازی سەرۆک مام جەلال چرۆی کردووە ، كورد دەیان زۆرانبازی بردۆتەوە، یەكێتیش کە بەرهەمی ئەندێشەی مام و لە دوای کۆنگرەی پێنجەمینیشەوە گوتار و گوفتاری یەکخستووە باشترینی كوردستانییە لە پێنج دەیەی رابردووی گەلەكەماندا. یەكێتی نیشتمانیی کوردستان وەكو باسكی بە هێزی كوردایەتییە لە پێشمەرگایەتی و خەباتی دژواردا، هەر خۆی باشترینەكەشە لە زۆرنبازی دیموكراسیشدا بەتایبەتی لە کەرکوک و شریتی رووبەرووی تەعریبدا کە گۆڕەپانی گرەوە سەرکەتووەکانی یەکێتیی و تێکۆشەرانی بووە.
یەكێتی لەم وێستگەیەدا هاوپەیمانە، بەناوێكی جوان و تەحەدداخواز لە پرۆسەكەدایە؛ لیستی هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەیە، لیستی یەكەمی داخوازییەكانی كورد و برایەتی و پێكەوەژیانە و کاندیدەکانی لە بژاردەی رۆڵەکانی کەرکوکە.
ئەم لیستە لەم کایەدا هی ویستی پێكەوەژیان و چارەسەری سیاسی و جێبەجێكردنی دەستوور و نەخشەڕێی زێڕینی ئەو دەستوورەش، ماددەی 140،ە و لە لیستی 140دا خۆی دەنوێنێ و ئایندەمان بەرجەستە دەكات ، ئەم ژمارە ئەسڵەکەیە و باقی ژمارەكان بەشێكە لە قەرەباڵەغی دیموكراسی كە حەیف دەنگی كورد بە فیڕۆ دەدا و ڕەنگی كوردستانی لە كەركوك كاڵ دەكاتەوە، بەڵام ئەم قەرەباڵەغیەش ئیتر ئیجتهاد و ئازادییەکی ناکامە و هەر كەسە و خۆی وەڵامی مێژوو دەداتەوە.
بابەتی ئەم نەبەردییە لەم وادەیەوە پێکوتە و مەشقی دەستپێدەکات کە ڕومان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە دوای دابڕانێكی پانزە ساڵی و پاشقوڵ گرتن لە دیموکراسیی لۆكاڵی كەركوك، بە بیانووی تایبەتمەندییەوە، لە كاتێكدا تایبەتمەندی دەبوایە بە قازانجی كەركوك شرۆڤە بكرێت كە زووتر و زیاتر بیر لە چارەسەری بكرایەتەوە، نەك پاشەکشێ و دواخستنی بڕیار و ئیرادەکەی ، ئێستا كە هاوبەشەكانی كورد لە عیراق گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەی بگەڕێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەمی دیموكراسی ئەوە خۆی لە خۆیدا ڕاستی ڕوانگەی كورد و یەكێتی دەردەخات كە هەر سیاسەت و یاسا و دیموكراسی بە سەردەستەی چارەسەری دەزانێت، نەك تەعریبی جاران و تەعریبی تازە، نەك خاوەخاوی چارەسەری ڕابردوو و پاشقوڵ گرتنی چەندین ساڵی پێشین لە دیموكراسی و لە تەگبیری ستراتیژی و دوورمەودا بە قازانجی پێكهاتەكان و دواڕۆژێكی باشتر بۆ عیراق.
هەمیشە روانینەکانی یەکێیتیی ڕاست دەردەچن چونکە هەڵقوڵاویی ویستی خەڵک و پێویستیانە، چونکە لەسەر بنچینەی ئەوەش بەرنامەی هەیە و بەو نەفەسەش ورەی بەرزە و گرەوی سەردەکەوێت.
گەلی کوردستان و هەروەها پێکهاتەی کەرکوکیش بەشی خۆیان هوشیار و ئەزموون دیدەن. کەوایە گرەوەکە هاوبەشە و دەنگەکان پێوستییان بە کۆکردنەوە هەیە لە چێوەی هاوپەیمانی هێز و ئیرادەدا. لە چێوەی مەنتیقی دیموکراسیی هەر لە خۆڕا نییە بەڵکو پێویستی بە ناوەرۆکێکی عەقڵانی هەیە تا جەدوای هەبێ و بەری خێری لێ بکەوێتە خوارەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP