كەیسی بادینان

سەردار ھەرکی
18:38 - 2021-05-04

هیوادارم هەواڵی پشتراستكردنەوەی بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر لە لایەن دادگای پێداچونەوەی كوردستان بە زورینەی 3 لە كۆی 5 ئەندامی ئەم دەستەیە لە كەیسی چالاكوانانی بادینان راست نەبێ، چونكە ئەگەر راست بێت بە پاشەكشەیەكی گەورە لە رێرەوی دیموكراسیەت و بەهاكانی لە كوردستان دادەنرێت و زۆر بە نەگه‌تیڤ لەسەر هەرێمی كوردستان و دۆزەكەی دەشكێتەوە بە تایبەتی كە زۆربەی كونسلیات وڵاتانی جیهانی ئازاد و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی تایبەتمەند بە بواری مافی مرۆڤ بایەخەیكی زۆر بەو دۆسیه‌يە دەدەن و چاودێری وردی دەكەن.

هیوادارم دادوەران هەوڵ بدەن بێ لایەنى خۆیان بپارێزن و دور لە هەر جۆرە ئینتيمایەك بڕیاری سەربەخۆ و بێلایەنانە بدەن، بەتایبەتی ئەو سێ دادوەرە چونكە پیش هەمو شتەكە بیروباوه‌ڕ و ئینتيمای خۆیان لەكەدار دەكەن لەم كاتە هەستیارە.

بڕیاریدان بە پێچەوانە بە پەڵەيه‌كی رەش لەنێو چاوانی دادگاكانی كوردستان دادەنرێت و رۆژێكی رەش لە مێژوی دادپەروەری و مروڤایەتی لەهەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێت.

هەمیشە بڕوام وایە كە ستراتیجيەتی گەلی كوردستان بۆ بەدەست هێنانی مافەكانی بە پتەوكردنی دیموكراسیه‌ت و كۆمەڵگای مەدەنی دەبێت نەك كپكردنی ئازادیەكان.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP