گلەیی بێت شارەوانی و پۆلیسی ھاتوچۆی کەرکوک

سەعد مەلا عەلی
17:31 - 2024-01-12

کاتێک لەسلێمانیەوە ئەگەیتە دەروازەی کەرکوک، حەزدەکەیت ریزێ دارو گوڵەباغ و سەوزایی چاوەڕوانت بکەن، کەچی دەکەویتە کۆمەڵێک تاسەو چاڵەوە، لەکاتێکدا شەقامەکە ھێڵی خێرایەو ئۆتۆمبێل بەخێراییەکی زۆرەوە دەڕوات. 

بۆیە ئەگەر سەوزاییش ھەبێت ھەر نایبینیت، چونکە تۆ سەرقاڵی ژماردنی تاسەو چاڵەکان دەبیت، بەتایبەتی کەسێک ناشارەزابێت، ئەوە بخۆی ھەر ئەوسەرو ئەمسەر دەکات. 

جگە لەوەی شارەوانی بێ خەبەرە لەم ھەمو چاڵ و قۆرتانە، پۆلیسی ھاتوچۆش ھەر بێدەنگە لێی، لەکاتێکدا ھەمو تاسەکان دەکەونە بەردەم بینا سەرەکیەکەی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆوە. 

گلەییەکە ئەویە، لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێدا، تەنھا ئاماری جادە قیرتاوەکان و پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی ئیدارەی کەرکوک و ئاماری شۆفێرە سەرپێچکارەکان دەھاتنە بەرچاومان، دەبا ئاوڕێکیش لەو ھەمو چاڵ و چاڵچاڵۆکانەش بدەنەوە کە شۆفێرانی سەغڵەت کردوە.

ئەگەر ھەرچاکیشی ناکەنەوە، شارەوانی و ھاتوچۆ دەتوانن، «بەشی ھندسە مرور» راسپێرن ھەندێک ھێمای تاسەو چاڵ و قۆرت دروست بکەون تاکو ئاگادارببینەوە.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP