چەند موچەمان لای حکومەتە؟

سەعد مەلا عەلی
17:51 - 2024-01-19

پەندێکی روسی هەیە دەڵێت؛ (قورسە بتوانیت حەق بێژبیت، لەکاتێکدا تۆ سودمەندی لە ناحەقییەکان).

ئەمە رێک جێبەجێدەبێت لەسەر کەناڵە راگەیاندنەکانی ئێستا کە هەر کەناڵەو بەشێوازێک کاردەکات و تەنها پەنجە دەخاتە سەر ئەو برینانەی خۆی مەبەستیەتی. 

هەڵبەتە مەبەستم تەنها کەناڵە کوردییەکان نییە، بەڵکو کەناڵە عیراقی و عەرەبی و جیهانییەکانیشە، هەر کەناڵەو (گۆرانی بۆ لەیلاکەی خۆی دەڵێت). 

کەناڵە کوردییەکان، سەریان لێشێواندوین، ئایا خەتاکە لە بەغدايه يان له هەرێم کە تا ئێستا کێشەی بودجەو موچە جارەسەر نەکراوە، جارێک هەرێم بە فێڵە لە بەغداو جارێکیش بەغدا حیساب بۆ هەرێم ناکات.. ئەمە وای کردوە هەرێم ببێت بە دوو لەتەوە، لەتێک (شا بە سەپان نازانێت) و خوێندن وەکو خۆی دەڕوات، لەولاشەوە مامۆستایان مانیان گرتوەو ساڵی خوێندنیش بەرەو کۆتایی دەچێت. 

دە ساڵی رێکە، هەرێم دوچاری کێشەی ئابوری بۆتەوە، کاتێک لە مانگی شوباتی ساڵی 2014، بەغدا بودجەی هەرێمی راگرت و کێشە دروست بوو، چوار مانگ دواتریش د١١عش سەری هەڵداو کێشەکە سەخت تر بۆوەو ئابوری سەربەخۆ هاتە کایەوەو تا ئێستاش پێوەی دەناڵێنین.

لە دەساڵی رابردوودا بەم شێوەیە موچە دابەشکرا: لە 2015 چوار موچە نەدرا، لە 2016 موچە بە پاشەکەوتەوە درا، لە 2017 موچەیەک نەدراو 11ی دیکە بە پاشەکەوتەوە درا، له 2018 به هەمان شێوە موچەیەک نەدراو 11ی دیکە بە پاشەکەوتەوە درا، لە 2020 حەوت موچە نەدراو 4یش بە لێبڕینەوە، لە 2021 هەشت موچە بە لێبڕینەوە، لە 2023، سێ موچە نەدراوە، بەڵام کار بۆ چارەسەریان دەکرێت. 

هەمو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە کێشەکان بەرەو چارەسەری کۆتایی دەچن، بەڵام بە میزاجی بەغدا، نەک ئەو خەونەی دەمان بینی و دەمانخواست، گرنگ ئەوەیە دوای دەساڵ تێگەیشتین کە قسە لە قسەی بەغدا ناکرێت و ئەو (کەروێشک بە عارەبانە دەگرێت)، حکومەتی هەرێم تێگەیشت (شوکر وشیارە مەحوی تێدەگات لەم خەراباتە)، بەڵام دوای دەساڵ، بۆیە پێویستە لەسەر دامودەزگا رۆژنامەوانیەکان ژیرانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن و ئەم بەرەو پێشچونە نەشێوێت، چونکە (بەڕەکە تەواو لەتەنکیدایە)و خەڵکی کوردستانیش بێ تاقەتن.


پ

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP