شاژنى یەکێتى

كاروان ره‌سول
11:41 - 2024-02-11


شاژنى یەکێتى، کە مەبەست لێی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدە، رۆڵى سیاسى بۆ پاراستنى یەکێتى  ناو یەکێتى، بەتایبەت لەدواى نەخۆشکەوتنى سەرۆک مام جەلالەوە تەواو دیار و پڕ مانا بوو. دەورانى کەوا هێرۆخان ئیدارەى ململانێکانى دا و سەرکەوتوو بوو لە رێگرتن لە تێکشکانى یەکێتى و لاوازکردنى لەو دەورانەن کە مێژوو بە شانازییەوە بۆى دەنووسێتەوە.

دواى نەخۆشکەوتنى سەرۆک مام جەلال ململانێکان تۆختر بوونەوە، باڵ و لقی جیا دەرکەوتن، بەڵام دواجار سیاسەتى دەباشان سەرکەوت و یەکێتى لەیەک نەتراز و کەوتەوە سەر راستە رێگەکەى.

 کۆنگرەکانی یەکێتی بە بەشداریی هێرۆخان چارەنووسسازبوون، ئەو کۆنگرانە وێستگەیەک بوون بۆ نوێبوونەوە یان وەستان و چەقبەستوویی، هەڵبەت ئەگەر هێرۆخان ئامادەیی لە هەر کۆبوونەوەیەک هەبووایە هیواى نوێبوونەوەکە زیاتر دەبوو .

ئەوەى روونە ئەوەیە سیاسەتى چەپکە گوڵەکەى سەرۆک مام جەلال هێشتا لە زۆرینەی سەرکردایەتىیی یەکێتى ئەگەر لە ئاستى قسەشدا بێت قبوڵ کراوە، هێرۆخانیش کارکردن بەو سیاسەتەى تۆختر کردەوە و بینیمان لە چەند رابردووی نزیکدا سەرۆک بافڵ تاڵەبانی نەیهێشت کارکردن بەو سیاسەتە سست بێت و رەنگەکانى تۆخ کردەوە.

هێمنى هێرۆخان و کەم دوویەکەى زۆر زۆر بڵێى بێدەنگ کرد، تا ئەوەى گفتوگۆى زۆر دەکرا و شەن و کەوی بڕیارە چارەنووسسازەکان دەکرا، بەڵام بۆ بڕیاردان هێرۆخان مەرجەع بوو، ئەو دۆخە یەکێتى لە مەترسی گەورە پاراست و نەیهێشت باڵانسی دیموکراسی و بڕیاردان لاسەنگ بێت تەنها و تەنها هێرۆخان بوو.

هێرۆخان یەک دوو ساڵى نەخۆشکەوتنى سەرۆک مام جەلال زۆرینەى ناڕازییەکانى لە دەورى خۆى کۆکردەوە، دەیزانى قۆناغێکى سەختە بۆ ئەو کە ئیدارەى حزبێکى گەورە بکات، بەڵام نەترسا و کردی، شانى دایە بەر بارە قورسەکە و بەهێمنى و ئازایانە وتى: شکان و لێکترازانى یەکێتى هێڵی سوورە.

هێڵیی سوورى هێرۆخان بە هێز و شەڕ نەبوو، بەڵکو بەئیرادەیەکى پۆڵایین و رۆڵگێڕانێکى واقیعى و هێمنانە بوو، لە خۆڕا نەبوو لەو قۆناغە ناویان لێ نابوو ژنە پۆڵایینەکە.

بۆیە پێویستە زیاتر لە دەوری چەپکە گوڵەکەى مام جەلال کۆببینەوە، ئەوەش دەزانین کەوا هێرۆخان نمایندەکارى سیاسی و سیاسەتکاری پڕ بۆن گووڵاوبوو، روونە دڕ، داڵ و بەرژەوەندیی چەوتى زۆر هاتە سەر رێگەکەی، بەڵام ئیلهام وەرگرتن لە رۆحی سەرۆک مام جەلال و قۆناغى سەختى هێرۆخان و لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندییە باڵاکانى یەکێتى توانی یەکێتى لە هەر مەترسییەک رزگار بکات ئەگەر بێتە رێگەی بۆیە دەبێت شاژنی یەکێتی پێبدرێت.
کاروان رەسوڵ

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP