بۆ هەر چاودێرێكی بێلایەن و بە ویژدانی دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە یەكێتیی نیشتمانيی كوردستان خاوەندارێتی لە كێشەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات بە كارمەندان و خانەنیشنانیشەوە.
دوا كۆبونەوەی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عيراق و وەزیری داد لە گەڵ بەڕێز موحەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عيراقی فیدراڵ سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن، ئەمە جگە لە هەوڵ و كۆششەكانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە دووساڵی ڕابردوودا چ بە سەردانە مەكۆكی و بەردەوامەكانی بۆ بەغداو كۆڕو كۆبوونەوەكانی لە گەڵ سەركردەكانی لایەنە عيراقیەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی موچە ،جگە لە خەمخۆری و خاوەندارێتی لەو كێشە هیچ ماناو لێكدانەوەیەكی تر هەڵناگرێت.
ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان لە هە ڵمەتێكی چەواشەكارانەی هەندێك لایەنی هەرزەی سیاسی و پۆپۆلیست و بۆ بەلاڕێدا بردنی خۆپیشاندانی مامۆستایان كەلە چەند مانگی ڕابردوودا هەموومان شاهیدین لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەكانی ڕاپەرین و گەرمیان بەئازادانەو بەڕێزەو بایكۆت و خۆپیشاندانەكانیان بەڕێوەبرد و پارێزگاریشیان لێدەكرا لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە ، ئێستا دەیانەوێت یەكێتیی بە پێچەوانەوەكەیەوە پیشان بدەن و لە ئاوی لێڵدا ڕاو بكەن.
چۆن پێشتریش یەكێتیی سكاڵای لە سەر یاسای هەڵبژاردنەكانی هەرێم تۆمار كرد لە دادگای باڵای فیدراڵی عيراق و سەركەوتنی بە دەستهێنا ویستیان بیكەن بە دەستكەوتی خۆیان ، ئێستا شوكر خەڵك هۆشیارە بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت وكەس بە درۆو دەلەسەكانیان باوەڕ ناكات.
ئەوە یەكێتیی بوو شەڕی بڕگەی (13) ی كرد لە یاسای بوودجەدا بۆ مسۆگەركردنی موچةی كارمەندانی هەرێم و پارێزگا ناڕازییەكان ، ئەوە یەكێتیە هەمیشە قوربانی بە بەرژەوەندییە حزبیەكانی خۆی دەدات لە سەرئاستی عیراق و هەرێمی كوردستانیش لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵكی كوردستان.
خۆ یەكێتیی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە داكۆكیكاری مافی خەڵك بووە لە داهاتەكانی ئیبراهیم خەلیلەوە تا بەرهەمهێنانی نەوت لە شیواشۆك بە توانای ناوخۆیی بۆ خزمەتی ئابووری هەرێم و بنیتنانی ژێرخان ، كەهەندێك لایەن ئەوسا گاڵتەیان لێ دەهات هەمووی بە بەڵگەوە ماون.
لە ئێستاشدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی و دوای سەركەوتنی لیستەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عيراق ، مەردانە لە مەیداندایە و خۆی لە بەرپرسیارێتی ناشارێتەوە سازو ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بۆیە زۆرێك لەو هێزو لایەنە پۆپۆلیست و هەرزە سیاسیانە لەرزییان لێهاتووەو سیناریۆ و درۆی شاخدار دروست دەكەن بۆ بەلاڕیدا بردنی ڕاستییەكان ، بەڵام خەیاڵیان خاوە چاكسازی و پاكسازی و ڕاستكردنەوەی ڕێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هەر بە هێزێكی ڕەسەن و ڕەگوڕیشەداری وەكو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەكرێت.
لە كۆتاییدا پێمخۆشە ئەوە بە بیری هەموو لایەك بهێنمەوە هیچ نەبێت ئەزموونی شازدە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و زۆنی سەوز بە تایبەتی ئەوەی سەلماند كە هیچ لایەنێكی تر ناتوانێت هاوسەنگی بگێڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان جگە لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP