ئەمە تابلۆی عەرەبی خوێندنگەکەمانە . خۆی ناوی خوێندنگەی هەڵگورد بوو . ناوەکەیان کردە ئیبن جەوزی . سنفی شەشی سەرەتاییم لەوێ تەواو کرد.
پێکەوە دوو خوێندنگە بوون لە یەک بینادا ( شۆڕش)یان ناو نا ئەلبوحتەری و ئەویتر ئیبن جەوزی . کە منداڵبووین پێمان وابوو ئەم دوانە ناوی دوو رەفیق حزبی بەعسن و هاتوون مەتکەبەکەی ئێمە تەعریب دەکەن.
کە گەورەبوین و ئەدەب و شیعرمان خوێندەوە زانیمان بوحتەری شاعیرێکی رۆمانسی دەورانی عەباسی بوو ، شیعری ناسکی زۆرن کە هەرگیز دەرفەتی ئەوە نادات گومانی لێ بکەین ئیشی بێ ناموسی تەعریب و تەرحیل دەکات.
هەرەوەها کاک ئیبن جەوزی زانا و فەقێیەکی گەورەی حەنبلی بوو و لە چوارچێوەی بەرهەمی زۆری دانەیەکی بۆ ئێمە بەلەزەتترینیان بوو( اخبار الحمقى والمغفلين) بە واتای هەواڵی گێل و غافلەکان.
بۆ سوعبەت بە برادەکانی زانکۆم دەگوت (گێلەکان) مەبەستی حزبی بەعس بوو و ئەکید (غافلەکان) ئێمەی خوێندکاری منداڵبووین کە گومانمان هەبوو بوحتەری و ئیبن جەوزی رەفیقی حزبی بەعس بوون، تەنها لەبەر ئەوەی ناوەکەیان جێی دوو ناوی کوردی شۆڕش و هەڵگوردی گرتۆتەوە.
سەیری کەن یاران !
بەعس و شوڤێنی چی بەزمێکیان لە کەرکوک ناوەتەوە ؟
لە جێی جێگیرکردنی تەعریب رقی وایان لە مێشک و دڵ دەچاند کە هەموو عەرەب ،بە فەقێ و شاعیریشەوە ، وەک رەفیق حزبی و تەعریب تەماشا بکەین.
ئەکید هەر لەو ساتەوە عەرەب و تورکمانیش پێیان وابوو و پێیان وایە ناوی رەسەنی (هەڵگورد ) پێشمەرگە و ناوی شۆرشیش قاچاخی درەنگانی شەوی وێستگەی سەرژمێرییەکەی ٢٠٢٤ و هەموو بزاوتێکی کوردە لە هەموو وێستگەکانیدا.
وێنەکە رۆژی دووەمی دوای پرۆسەی رزگاری کەرکوکە لە ساڵی ٢٠٠٣ کە لەگەڵ هاورێامی دێرین( هاورێ و تاریق و فەرهاد ) لەبەردەم خوێندنگەی ئیبن جەوزی وەستاوین . جا ئەوەندە ئەم چیرۆکەم بۆ کوڕکەم ، ئەلەند مامشەیی ، گێراوەتەوە لەبەرێتی و یەکسەر دەڵێ: بەڵێ دەزانم!! ئەوە مەکتەبەکەتە و تەواو.
ئێستا هەردوکمان، باوک و کوڕ ، بە ئیجازەی کاک بوحتەری و (ئۆغلو) جوزی لێرەین خۆمان لە سەرژمێری کەرکوک تۆمار بکەین. شارەکە هی خۆمانە و سەد ناوی کوردی لێ قیت بۆتەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP