ئەردۆغان: رێگە نادەین پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە تێکبدرێت

کوردستان
16:01 - 2025-07-09

لەدوای پەیامە ڤیدیۆییەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، رێگەنادەن پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە تێکبدرێت، هیواداریشن پرۆسەکە لە نزیکترین کاتدا بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت.
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی پارتی دادو گەشەپێدان ، ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ دەمپارتی کۆبوونەوەیەکی باشیان کردووەو لەم  رۆژانەدا هەواڵی خۆش دەبیسترێت، هیواداران بەبێ رووداوی نەخوازراو و رێگەنەدان بەدەستە تاریکەکان پرۆسەکە بەئەنجام بگات، بەوەش نەک تەنها تورکیا، بەڵکو تەواوی ناوچەکەش سوودمەند دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی دەمپارتی، رایگەیاند: پێویستە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی پەکەکە هەنگاو بنرێت.
وتیشی، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکیا دەنوسینەوە و دەخوازین هیچ کەس گومان بەو پڕۆسەیە نەبات، پێویستە گوێ لە ئۆجەلان بگیرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، دوێنێ وەفدی دەمپارتی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کۆبوونەوە و پەیامی ئۆجەلانیان گەیاندە ئەردۆغان کە لەکۆبونەوەیدا لەگەڵ دەمپارتی رایگەیاندووە، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و بەرپرسیارێتیی هەموو لایەکە هەوڵی سەرخستنی بدەن.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP