مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی هەسەدە، سەرۆکایەتی وەفدێکی سیاسی و سەربازیی کرد بۆ کۆبونەوە لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە سوریا و ئەحمەد شەرع.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، بەبەشداریی تۆماس باراک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و جان باتێست فیفەر نوێنەری حکومەتی فەرەنسا، کۆبونەوەی هاوبەشی نێوان وەفدی سیاسی و سەربازیی رۆژئاوای کوردستان بەسەرۆکایەتی مەزڵوم کۆبانێ و ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی سوریا لە دیمەشق.
کەناڵی ئاسمانیی روناهی بڵاویکردەوە، هەریەک لە ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەرو فەوزە یوسف و عەبد حامد مەهباش، هاوسەرۆکانی وەفدی ئیدارەی خۆسەر لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، یاوەریی مەزڵوم کۆبانێ دەکەن لە کۆبونەوەکەی دیمەشق.
سەردانەکە دوای کۆبونەوەیەکی پێشووتری نێوان وەفدی باڵای ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و حکومەتی دیمەشق دێت کە تیایدا گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێک کردو ژمارەیەک لیژنەی هاوبەشیان پێکهێنا بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ـی ئازاری نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
بەپێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، ئەم خولەی ئێستای دانوستانەکان ئامانجی پێشخستنی وتووێژی سیاسی و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئازارە کە رێککەوتنەکە چوارچێوەیەک بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە قۆناغی گواستنەوەی سوریادا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP