روسیا وەک یەکەمین وڵات و بە ڕەسمی دانی نا بە حکومەتەکەی تاڵیباندا و ئاڵای تاڵیبانش لەسەر باڵوێزخانەکەیان لە روسیا هەڵکرا.
زەبیحوڵڵا موجاهید وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند: ڕوسیا وەک یەکەمین وڵات حکومەتەکەی تاڵیبانی وەک "ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان" ناساندوە و ئاڵای تاڵیبان لەسەر باڵوێزخانەکەیان لە روسیا هەڵکرا.
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، وەزارەتی دەرەوەی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە دیمیتری ژیرنۆڤ باڵیۆزی ڕوسیا لە کابول بڕیارەکەی گەیاندوەتە ئەمیر خان موتتاقی وەزیری دەرەوەی تاڵیبان بە وەکالەت.
هاوکات، ئاژانسی روسی تاس بڵاویکردەوە، مەولەوی گوڵ حەسەن، باڵیۆزی تاڵیبان لە مۆسکۆ، بڕوانامەی خۆی پێشکەش بە جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا کردوە.
ئاژانسەکە لە زاری بریکاری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بڵاویکردەوە، “پێمان وایە دانپێدانانی رەسمی حکومەتی ئەفغانستان دەبێتە هاندەرێک بۆ پەرەپێدانی هاریکاریی بنیاتنەری دوو قۆڵی نێوان هەردو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا”.
دوابەدوای ڕاگەیاندنەکە، دیپلۆماتکارانی تاڵیبان لە مۆسکۆ گەشبینی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە دانپێدانانی گروپەکە وەک حکومەتی رەسمی ئەفغانستان.
جێی باسە، دوای هاتنە سەر حوکم، تا ئێستا ڕوسیا یەکەم وڵاتە کە بە رەسمی دان بە حکومەتی تاڵیباندا دەنێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP