شاندێکی تەکنیکی حکومەتی عێراق لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لە هەولێرە

کوردستان
10:20 - 2025-06-29


بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، شاندێکی تەکنیکی و باڵای حکوومەتی عێراق لە ڕۆژی پێنجشەممەوە لە هەولێرە، دوێنێش شاندێکی حکوومەتی هەرێم چووەتە بەغدا.
دوێنێ، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم (بە وەکالەت)، بۆ تاوتوێکردنی پرسی شایستە داراییەکان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە.
بەپێى زانیارییەکان، هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، بڕیاریان داوە کۆبوونەوەکانیان دوور لە چاوی کامێراکان بێت، تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئەو شاندەی حکوومەتی عێراق کە پێنجشەممە هاتبووە هەولێر، پێک هاتبوو لە نوێنەری وەزارەتی دارایی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە هەرێم کۆبوونەوەی چڕ و پڕی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەبوو.
هەروەها شاندی تەکنیکی هەردوو حکوومەت لە هەولێر لەسەر زۆرینەی پرسەکان ڕێککەوتوون، تەنیا ڕێککەوتنی کۆتایی ماوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
ڕێککەوتنەکان بەم جۆرەن: گەڕاندنەوەی قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها  هەرێمی کوردستان ڕازی بووە ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات.
بڕیارە شاندی حکوومەتی هەرێم  لەبەغدا لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ، بە مەبەستی تاوتوێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە.
هەربەپێىى زانیارییەکان، لێکگەشتنی باش لەنێوان شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هەیە، چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیە ڕێککەوتنی کۆتایی بکرێت، لە دوای ڕێککەوتنەکەش ڕاستەوخۆ بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت و دواتریش مووچەی مانگی شەش.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP