چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ منداڵی كه‌لله‌ره‌ق و ده‌مارگیر

کلتور
09:12 - 2022-09-01

منداڵی ده‌مارگیر یه‌كێكه‌ له‌و كێشانه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ دایكان و باوكان تووشی ده‌بن، هه‌ڵبه‌ت ده‌مارگیریی لای منداڵ حاڵه‌تێكی هێنده‌ ئاڵۆز و مه‌ترسیدارنییه‌ به‌ڵكو شتێكی زۆر ئاساییه‌ و قۆناغێكه‌ كه‌ زۆربه‌ی منداڵان  پێیدا گوزه‌رده‌كه‌ن، به‌ڵام پێویستی به‌چاره‌سه‌ری تایبه‌ت هه‌یه‌ به‌جۆرێك كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر منداڵ و دایك و باوك  به‌جێنه‌هێڵێت، سه‌ره‌تا پێویسته‌ دایكان و باوكان ئه‌وه‌ بزانن كه‌ منداڵی سه‌رسه‌خت و ده‌مارگیر زۆرجار دوو تایبه‌تمه‌ندی ئه‌رێنی هه‌یه‌ ، كه‌ بریتین له‌ زیره‌كی و چالاكی، بۆیه‌  ئه‌و جوڵه‌ و نا ئارامییه‌ی  منداڵه‌كه‌ت كه‌ هه‌ندێ جار دایكان وباوكان به‌ (بزێوی و عه‌جولی ) ناوی ده‌به‌ن، له‌لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه‌ وه‌ك چالاكیه‌كی ئه‌رێنی پۆلێن ده‌كرێت . ده‌روونناسه‌كان پێیان وایه‌ كه‌ سه‌رسه‌ختی ئاماژه‌یه‌ بۆ زیره‌كی منداڵه‌كه‌،   قۆناغی سه‌رسه‌ختی و ده‌مارگیریش  له‌ ته‌مه‌نی دووساڵییه‌وه‌  ده‌ست پێده‌كات ،كه‌ ئیدی پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌كه‌ده‌كات كه‌ خۆی خواستی له‌سه‌رییه‌تی  ،به‌ڵام  پێویسته‌   به‌هێمنی و به‌ وریاییه‌وه‌  رابهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م خووه‌ تا ته‌مه‌نی هه‌رزه‌كاری له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وام نه‌بێت، چونكه‌ له‌ قۆناغی هه‌رزه‌كاریدا ئیدی دایك و باوك ناتوانن به‌ئاسانی  مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن گه‌ر هاتوو.

هۆكاره‌كانی  ده‌مارگیری  و سه‌رسه‌ختی منداڵ
یه‌كه‌م  ،وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ده‌مارگیری  به‌ ده‌مارگیرییه‌وه‌: فاكته‌ری سه‌ره‌كی بۆ به‌رده‌وامبوونی سه‌رسه‌ختی منداڵان بریتییه‌ له‌ به‌ربه‌ره‌كانێ، واته‌ ده‌مارگیریی  دایك و باوك بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی  ده‌مارگیری و كه‌لله‌ڕه‌قی  منداڵه‌كه‌یان، و  ئاماده‌نه‌بوونیان    له‌ سازشكردن و  گه‌یشتن به‌ ئاستی منداڵ له‌ گفتوگۆدا، یان دانوستان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك .  
دووه‌م ، كێشه‌ی خێزانی:  كێشه‌ی خێزانی  گه‌وره‌ترین فاكته‌ری   تێكچوونی ده‌روونی   منداڵه‌ ، ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی گرفتی خێزانی  واده‌كات منداڵ  بیرله‌رێگه‌یه‌ك بكاته‌وه‌ سه‌رنجی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی به‌لای خۆیداببات بۆیه‌  كارده‌كات له‌سه‌ر  بیرۆكه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ و قبوڵنه‌كردنی ئه‌و شتانه‌ی كه‌ داوای لێده‌كرێت    بۆئه‌مه‌یش زۆرجار په‌ناده‌باته‌ به‌ر هاواركردن و به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی نه‌گونجاو ،به‌تایبه‌تی ئه‌و وشه‌و ده‌سته‌واژانه‌ی كه‌ هه‌ندێك دایك و باوك له‌ كاتی كێشه‌و گرفته‌كانیاندا به‌كاریان ده‌هێنن.
 سێهه‌م،  نازپێدانی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر: نازهه‌ڵگردنی منداڵ زۆر گرنگ وپێویسته‌ بۆگه‌شه‌ی ده‌روونی ، به‌ڵام ده‌بێت له‌كات وشوێنی خۆیدا بێت ،واتا له‌كاتی  سووربوونی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كارێكی هه‌ڵه‌ و زیانبه‌خش نابێت  به‌ناوه‌ی نازپێدانه‌وه‌ چاوپۆشی لێبكرێت ، چونكه‌ نازپێدانی  زۆر ڕه‌فتاره‌كانی منداڵه‌كه‌ تێكده‌دات، هه‌روه‌ها ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی ده‌گێڕێت له‌ سه‌رسه‌ختی منداڵه‌كه‌،چونكه‌ دڵنیایده‌كاته‌وه‌ به‌هۆی سه‌رسه‌ختییه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ كۆتاییدا ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت به‌ده‌ستی ده‌هێنێت.
چواره‌م  به‌راوردكردنی منداڵ به‌ كه‌سانی تر: ده‌بێت دایكان و باوكان درك به‌ ڕاده‌ی ئه‌و تێكچوونه‌ ده‌روونیانه‌ بكه‌ن كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر منداڵه‌كه‌ هه‌یه‌ كاتێك به‌راورد ده‌كرێت به‌ كه‌سانی تر، ئه‌م ڕه‌فتاره‌ متمانه‌ به‌خۆبوونی له‌ناوده‌بات، بۆیه‌ منداڵه‌كه‌ت  به‌  خوشك و براكانی یان هاوڕی ومنداڵانی تر به‌راورد مه‌كه‌، چونكه‌ ده‌رئه‌نجام  هانی ده‌دات  بۆ  كاردانه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌، نیشاندانی ڕه‌فتاری ده‌مارگیری و دوژمنكارانه‌.
پێنجه‌م ، سه‌رنجدانی به‌رده‌وام له‌ كه‌لله‌ڕه‌قی  منداڵه‌كه‌ : سه‌رنجی  دایكان و باوكان له‌سه‌ر بابه‌تی سه‌رسه‌ختی منداڵه‌كه‌ و  باسكردنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌نێو كوڕ و دانیشتنه‌خێزانییه‌كاندا  كارێكی خراپه‌  چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی بیرۆكه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی ڕه‌گ و ڕیشه‌  له‌ مێشكی منداڵه‌كه‌دا دابكوتێت، و بۆهه‌میشه‌ ئاوێته‌ی بیركردنه‌وه‌و كرده‌وه‌كانی بێت.
په‌روه‌رده‌ی  پێچه‌وامه‌  و دژ به‌یه‌ك: منداڵی سه‌رسه‌خت و ده‌مارگیر كه‌سێكی زیره‌كه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر دایك و باوك له‌سه‌ر شێوازێكی دیاریكراوی په‌روه‌رده‌كردن یان ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان ڕێك نه‌كه‌ون،ئه‌وكاته‌ منداڵه‌كه‌ له‌م سوود له‌ زیره‌كی خۆی وه‌رده‌گرێت. بۆ نموونه‌ كاتێك منداڵێك پرسیار له‌ دایك و باوكی ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری به‌ده‌ستهێنانی شتێك،و له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر  دایك و باوك به‌رپرسیارێتی بڕیاردانیان خسته‌ ئه‌ستۆی  یه‌كتر ،ئه‌وا  منداڵه‌كه‌ سوود له‌م بابه‌ته‌ وه‌رده‌گرێت و به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی تا ئه‌و كاته‌ی به‌ده‌ستی ده‌هێنێت،بۆیه‌ پێوسته‌ دایك و باوك بریاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بێت.

ڕێگاكانی زاڵبوون به‌سه‌ر كه‌لله‌ڕه‌قی و سه‌رسه‌ختی له‌ منداڵاندا
 یه‌كه‌م شێوازی  گفتوگۆ  یان داواكاری:پێویسته‌ دایكان و باوكان به‌ شێوه‌یه‌كی زیره‌ك و  سه‌رنجبه‌ر  فه‌رمان به‌سه‌ر منداڵه‌كه‌یاندا  بسه‌پێنن،  پێویستیشه‌ دوو بژارده‌ی بخه‌نه‌  به‌رده‌م  ئه‌ویش  بۆ ئه‌وه‌ی ناچار بێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، ئه‌مه‌یش واده‌كات منداڵه‌كه‌ هه‌ست به‌جۆرێك له‌ سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردان بكات، بۆ نموونه‌ كاتێك منداڵێك سه‌یری ته‌له‌فزیۆن ده‌كات پێی مه‌ڵێ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ بكوژێنه‌ره‌وه‌ و بچۆ بۆ  وانه‌كانت بخوێنه‌، به‌ڵكو پێی بڵێ: ئێستا ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ ده‌كوژێنیته‌وه‌  بۆ ئه‌وه‌ی سه‌عی بكه‌یت؟، یان ٥ خوله‌كی تر ته‌ماشا  ده‌كه‌یت و دواتر ده‌ست به‌خوێندنه‌كه‌ت ده‌كه‌یت؟ ”.   

ئه‌م شێوازه‌ منداڵه‌كه‌ت ڕاده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئاره‌زووی خۆی گوێڕایه‌ڵی فه‌رمانه‌كانت بێت، هاوكات ئاماده‌سازی بۆده‌كات  تا ببێته‌ كه‌سێك كه‌ توانای   بڕیاردانی هه‌بێت.
دووه‌م فه‌رمانه‌كان بكه‌ به‌ چالێنجێكی خۆش: با ڕێكخستنی ژووره‌كه‌ وه‌ك نموونه‌ وه‌ربگرین، له‌بری ئه‌وه‌ی فه‌رمان به‌ منداڵه‌كه‌ بده‌ین ژووره‌كه‌ ڕێكبخات و هه‌ڕه‌شه‌ی سزای لێبكه‌ین، ده‌توانرێت ئه‌م ئه‌ركه‌ بكرێته‌ چالاكیه‌كی  چێژبه‌خش ،وه‌ك چاڵنجێك  به‌منداڵه‌كه‌ بڵی  بابزانم ئه‌توانیت له‌ ماوه‌ی ٥ خوله‌كدا ژووره‌كه‌ت رێكبخه‌یت، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی كاره‌كه‌یش باشتروایه‌ به‌ وشه‌كانی ( ئافه‌رین و ده‌ستخۆش و به‌رده‌وامبه‌) هانی بده‌یت تا ته‌واوی ده‌كات    
سێهه‌م خۆت به‌دوور بگره‌ له‌  هه‌ڕه‌شه‌كردن و سزادان:
 بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی گرفته‌كان به‌رامبه‌ر به‌ منداڵه‌كه‌ت  په‌نا بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن مه‌به‌ ده‌ستبه‌جێ سزای مه‌ده‌، به‌ڵكو بگه‌رێوه‌ بۆ گفتوگۆكردن هه‌وڵبده‌ به‌نه‌رم ونیانی  مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدبكه‌یت، هه‌روه‌ها هه‌رگیز له‌به‌رده‌م هاوڕی و كه‌سانی تر منداڵه‌كه‌ت مه‌شكێنه‌وه‌ و سه‌زه‌نشتی مه‌كه‌ ،چونكه‌ به‌م ره‌فتاره‌ زیاتر هانی ده‌ده‌یت كه‌ سه‌رسه‌خت و كه‌لله‌ڕه‌ق بێت.

وه‌رگێڕان /كاردۆمحه‌مه‌د

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP