بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
خوێندکارانی ئەزیزو خۆشەویست لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان
مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان
ڕێکخراوەکانی خوێندکاران و قوتابیان
سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە حکومەتی هەرێم
سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان
لە ماوەی ڕابردوودا وەک خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە هەرێمی کوردستان بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانی خوێندکاران خۆپشاندانی فراوانمان ئەنجامدا و بەرهەمی خۆپشاندانەکانمان ناچارکردنی حکومەتی هەرێم بوو بە تەرخانکردنی بودجەیەکی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و پێدانی پاڵپشتی دارایی بە خوێندکاران بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی بۆ ماوەی شەش مانگ لە ساڵی خوێندنی ۲٠۲۱_۲٠۲۲
لە پاش وەرگرتنی دەرماڵەی شەشەم پێویست بە بڕیارێکی نوێ دەکات کە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر بدات و وەزارەتی درایی دووبارە ڕێنمایی بۆ دەربکات یان ڕێنماییەکەی ساڵی پار درێژە پێبدات بۆ ئەو مەبەستە وەزیری خوێندنی باڵا بە سوپاسی زۆرە بۆ بەڕێزیان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ۷/۹/۲٠۲۲ ی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیەکی پێشکەش ئەنجومەن کردووە کە تیایدا داوای بەردەوامیدان و زیادکردنی بڕی دەرماڵە دەکات بۆ ساڵی نوێی خوێندن۲٠۲۲_۲٠۲۳
بۆیە لێرەوە هەموو لایەنە سیاسیەکان و ئەو دامەزراوانەی لە سەرەتای بەیاننامەکەدا ناومانهێناون دەخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتیەکی مێژووی و داوای پشتیوانیان لێ دەکەین هەروەها داواکارین ئەو دامەزراوانەی کە پەیوەندیدارن بە لایەبە یاسای و کارگێڕیەکانی ئەم بابەتە بەزووترین کات تێپەڕێنن تاوەکو دۆخی هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی ڕووداوە تراژیدیەکانی ساڵی پار تیایدا دووبارە نەبێتەوە و دەرگای زانکۆ پەیمانگاکان دووبارە دانەخرێت و خوێندکار دووبارە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن نەکات کە بەهیچ جۆرێک خوازیاری ئەوە نین
بۆیە دووبارە داواکارین پشگیرمان بن و بەڕوونی هەڵوێستی خۆتان دەربڕن لەوبارەیە تاوەکو بۆ ئێمەش ڕوون ببێتەوە کە کێ لەگەڵ مافەکانی خوێندکارە و کێ دژیەیی
پشتیوانیتان نیشانەی دڵسۆزیتانە بۆ خوێندکار و زانکۆ و پڕۆسەی زانست و خوێندن
نوێنەرانی ناڕازی زانکۆ وپەیمانگاکانی سنوری پارێزگای سلێمانی
۱۸/۹/۲٠۲۲
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP