ئاراس محەمەد ئاغا : لێدوانه‌كانى هێمن هه‌ورامى هیچ خزمەتێك بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێم ناكات

کوردستان
00:29 - 2022-12-07

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات ئەو لێدوانانەی هیمن هەورامی داویەتی لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی و بودجە و داهاتی سلێمانی سەرجەمیان لێدوانی چەواشەكارین و خزمەت بە دۆخەكە ناكەن، بۆیە ئەگەر پارتی بیەوێت دۆرۆ بكات ئەوا هێمن هەورامی ڕادەسپێرێت بۆ ئەو درۆكردنەو هاووڵاتیان دەزانن پارتی چ گەمارۆیەكی خستووەتە سەر سلێمانی.

ئاراس محەمەد ئاغا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو لێدوانانەی هێمن هەورامی داویەتی لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتییەوە هیچ خزمەتێك بە دۆخی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان ناكات، ئەو نادادیەی پارتی بەرامبەر بە سلێمانی ئەنجامی دەدات بەڕۆژی ڕووناك دەبیندرێت و پێویست بەوەناكات هێمن هەورامییەكان بیشارنەوە، بەتایبەت ئەم كابینەیە فشار و گەمارۆیەكی زۆریان خستووەتە سەر ئیدارەی سلێمانی بۆ ئەوەی یەكێتی ڕووبەڕووی گرفت بكاتەوە.

ئاماژەی بەوشكرد، كاتێك هێمن هەورامی باس لە داهات و شەفافیەت دەكات، واباشتر بوو باسی ئەو داهاتەی بكردایە كە لە خاڵی سنوری نێوان هەرێم و سوریا دەستان دەكەوێت و تا ئێستا یەك دیناری ناگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، هەروەها داهاتەكانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل بە نادیاری ماونەتەوە ئەوە سەرەڕای ئەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوت كەس نازانێت چەندە و بۆ كوێ‌ دەچێت، بۆیە كاتێك دەكرا باس لە شەفافیەت بكات بۆخۆیان شەفاف بوونایە نەك هەرچی ناشەفافی هەیە لای ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هێمن هەورامی و حزبەكەی بەڕاستیانە و لە پەرۆشی ئەنجامدانی هەڵبژاردندان، بابفەرموون بێنە پێشەوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەئامادەبوونی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ هاووڵاتیانی بسەلمێنن كە دەیانەوێت هەڵبژاردن بكرێت و لیستی دەنگدان پاك بكرێتەوە و بابەتی كۆتاكان چارەسەر بكرێت، بەڵام خۆیان باش دەزانن كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەم یاسایەی ئێستا و بەم دۆخەوە جگە لەوەی سودی پارتی تێدایە و هەموو حزبەكانی دیكە زەرەرمەند دەبن تیایدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP