سه‌رۆك بافڵ خەڵاتی رێزلێنان ده‌به‌خشێته‌ دژەتیرۆر

کوردستان
10:39 - 2023-06-05


بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دژەتیرۆر کۆبووەوە.

‎لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازیی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی هەرێم، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەکان و هاوپەیمانان خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

‎لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد وەک یەکەم هێزی دژەتیرۆر لە کوردستان و هەوڵەکانیان لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم. وتیشی، ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەکی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردووە. چالاکییەکانتان لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵکە خۆشەویستەکەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە.

‎سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت تاوەکو قەڵغانێکی پتەوتر بن بۆ پاراستنی کوردستان.

‎لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد لەبەرامبەر هەوڵ و قوربانیدانەکانیان لەپێناو خاکی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP