داواده‌كرێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كۆرمۆر بكرێت

کوردستان
09:26 - 2024-04-27

سەعات 6:50 دەقیقەی هەینی ٢٦-٤-٢٠٢٤، لە رێگەی 2 درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەوهۆیەوە چوار کەس کە بەڕەگەز یەمەنین گیانیان لەدەستدا و چوار کەسی دیکەش برینداربوون، تا ئێشتاش سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکان دیارنین و لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە دەستیپێکردووە.

بەپێی زانیارییەکان درۆنەکان هەمان شوێنی هێرشی پێشوویان به‌ ئامانج گرتووه‌ كه‌ عەمباری غازن و به‌وهۆیه‌شه‌وه‌  ئاگر له‌ عه‌مباره‌كان كه‌وتووه‌ته‌وه‌و بووه‌ته‌هۆی وه‌ستاندانی بەرهەمهێنان و ناردنی غاز لە کێڵگەکەو بەرهەمنه‌هێنانی کارەبا، كه‌ نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبای کەمکردووەتەوە.

سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکان دیارنین

هاوکات لەبارەی هێرشەکەوە، رەمک رەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ رایگەیاندووە:"لەئێستادا تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە چۆنێتیی رووداوەکە و تا ئێستا سەرچاوەی هەڵدانی درۆنەکان دیارنییە".

قوباد تاڵەبانی: لێکۆڵینەوەی ورد لەو هێرشە درۆنییەی کۆرمۆر بکرێت
 هەروەها قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بەیاننامەیەکدا بەتوندی هێرشەکەی ئیدانە کرد و رایگەیاند:" داوا لە حکومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم دەکەم، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەست پێ بکەن و ڕێکاری جدی  بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە کەتیایدا هاوڵاتیانی مەدەنی دەبنە قوربانی  و خەڵکی کوردستان بەگشتی زیانمەندی سەرەکی دەبن".

فراکسیۆنی یەکێتی: هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ بەسزاگەیاندنی بکەرانی هێرشەکە
هاوکات فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکە رایگەیاند:"حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێم پێویستە بەئەرکی خۆیان هەستن و لەئاست ئەم تاوانەدا بێدەنگ نەبن و لێکۆلینەوەی راستەقینە بکەن و رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ چەندبارە نەبوونەوەی، ئێمەیش لە فراکسیۆنی یەکێتی هەموو هەوڵێکمان دەخەینەگەر و بەردەوام دەبین تا بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرا دەکرێن و رووبەروی یاسا دەکرێنەوەو دڵنیایی دەدەرێ لە روونەدانەوەی ئەمجۆرە پەلامارانە".

سەرۆککۆمار: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ بكرێت

د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، لە پەیامێکدا ھێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ئیدانە دەکات و دەڵێت، ئەم جۆرە تاوانانە دەستدرێژییە بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی دەوڵەت و ھاوڵاتییان و ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی وڵات.

دەشڵێت، پێویستە دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە لە ھێرشەکە بکەن و ھێرشبەران بە سزای خۆیان بگەیەنن، رێکاری پێویستیش بۆ دوبارەنەبوونەوەی ھێرشەکە بگرنەبەر.

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌م هێرشانه‌ ئارامی و سه‌قامگیریی وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ 
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانش لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کردو رایگەیاند:"دووپاتی ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ ئارامی و سه‌قامگیریی وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ پێویسته‌ ئه‌ركی خۆیان بۆ ڕێگری له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی له‌ هه‌ر لایه‌نێك بن بگێڕن و به‌ سزای یاسایی بگه‌یه‌نرێن".

شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عیراق: لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشەکە دەکرێت
شانەی راگەیاندنی ئاسایشی عێراقش لەراگەیەندراوێکیدا دەڵێت:"لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشە تێکدەرانەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرۆمۆر دەکات" 

  هەروەک ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات و رایدەگەیەنێت:" دەستدرێژیکاران بە سزای دادپەروەرانەی خۆیان دەگەن"

ئەمە لەکاتێکدا دوو ساڵ پێش ئێستا سەعات  4:45 ده‌قیقه‌ی ئێوارەی رۆژی 22حوزه‌یرانی 2022، كاتیۆشایەک له‌ شوێنێكی نادیاره‌وه‌ ئاڕاسته‌ی كێڵگه‌ی كۆرمۆر كرا و هێرشەکەش چەند جارێک دووبارەکرایەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP