ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا راگەیەندراوێک
بلاودەکاتەوەو تێیدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەو بڕیارانەی دراون سەرجەمیان دروست و
یاساین و جێبەجێدەکرێن.
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە راگەیەندراوێکدا
وەڵامی دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانی عیراقی دایەوەو رایگەیاند،
بەگوێرەی ماددەی 8 لەیاسای پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێمەکانەوە گۆڕینی قایمقام
و بەڕێوەبەری ناحیە لە تایبەتمەندی ئەنجوومەنی پارێزگایەو گۆڕانکارییەکان
جێبەجێدەکرێن.
هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجومەنەکە
تایبەتمەندییە دەستووری و یاساییەکانی پەیڕەوکردووە، ئەو بڕیارانەی دراون لەلایەن
ئەنجوومەنەکەیانەوە، درووستن و یاسایین.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەگوێرەی
ماددەی 8 لەیاسای پارێزگا نەبەستراوەکان بە هەرێمی کوردستانەوە، ژمارە 21ـی ساڵی
2008ـی هەموارکراو، لە تایبەتمەندی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، هەڵبژاردنی قایمقام و
بەڕێوەبەری ناحییە، بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بووە.
لەلایەکی ترەوە، دەستەی هەماهەنگی نێوان
پارێزگاکانی عیراق نوسراوێکی ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردو تیایدا
گۆڕانکارییەکانی ئەنجوومەنەکەی راگرت و داوای لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد
پەلە لە گۆڕانکارییە ئیدارییەکان نەکەن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
کۆبووەوەو گۆڕانکاری لە 20 پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی پارێزگاکەدا کرد،
لەنێویاندا قایمقامی شنگال و مەخموری هەڵبژارد دواتر هەریەکە لە فراکسیۆنی پارتی و
نەینەوای یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد و دواتر فراکسیۆنی پارتی رایگەیاند،
ئەندامێتی خۆی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵدەپەسێرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP