قوباد تاڵەبانی جەخت له‌ گرنگیی بەردەوامبوونی هێزه‌كانی هاوپەیمانان لە عێراق ده‌كاته‌وه‌

کوردستان
16:54 - 2024-07-24



قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی سەربازیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی برادلی کووپەر، جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی تیرۆر و چۆنییەتی بەهێزترکردنی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی کوردستان تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (٢٤ی تەموزی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی سوپاسی هێزەکانی ئەمریکای کرد کە بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی تری کوردستان و لەم دوایانەدا پێکەوە ئۆپەراسیۆنی زۆر سەرکەوتوویان لە دژی تیرۆریستان ئەنجام داوە. 

لە تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەدا لەسەر پرسی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە گفتوگۆکرا. هەردوولا هاوڕابوون تیرۆر هێشتا هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق و ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی کارکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، تا لەلایەکەوە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هەڕەشەی تیرۆر بهێنرێت و لەلایەکی دیکەشەوە یارمەتیدەری حکومەتی عێراق بن لە پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگە کرا. قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆی بۆ بەردەوامبوونی هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە و هیوای خواست بە هاوکاری هاوپەیمانان هەنگاوەکانی چاکسازی بە شێوەیەکی خێراتر جێبەجێ بکرێن.




بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP