شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ١٢٩ لە هەولێر، لە وتارێکیدا کە بۆ دەستپێکی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "بە دەنگی ئێوە و بە ئەرکی ئێمە کۆتایی بەم حکومەتە شکستخواردووە دەھێنین".
دەقی پەیامی شاڵاو کۆسرەت:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان، هاونیشتمانیانی خۆشەویستی هەولێر، دەمانەوێت لەرێگای ئەم پەیامەوە دەستپێکی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رابگەیەنین، ئێمە لەگەڵ هەڤاڵانمان لە لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهەمان رۆحیەتی شۆڕشگێرانەی ١١ی ئازاری ١٩٩١ کە تێکۆشەرانی ئێمە لە دژی زوڵم و ستەم و دیکتاتۆری و ناعەدالەتی و چەوساندنەوەو ماف زەوتکردنی هاووڵاتیان راپەڕین و مژدەی رۆژێکی نوێ و ئازادییان بە شارەکە داو رزگاریان کرد، ئێمەش بە پشتیوانی خواو پاڵپشتی ئێوە، دەمانەوێت هەمان مێژووی پرشنگدار بنوسینەوە.
لای هەموان ئاشكرایە کەئەو حوکمڕانیەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە، حکومەتێکی شکستخواردووی تاکڕەوی ئەوتۆی بەدی هێناوە کە گوێ بەهیچ نادات، بە خواست و داواکاری هاووڵاتیان کارناکات و ژیان و گوزەران و قوتی خەڵکیشی کردوەتە قوربانی نادادی و تاکڕەوی خۆی کەتەنها هێزێکی نیشتمانی رەسەنی وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت رێگری لەو شێوازە حوکمڕانییە شکستخواردووە بکات کە بووەتە مایەی چەندین نەهامەتی لەموچە بڕین و بێبازاڕی و بێ خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ئێمە وەک کاندیدانی یەکێتی هەموو لایەک دڵنیا دەکەین کە درێژەپێدەری خەبات و قوربانیدانی شۆڕشگێڕەکانمان دەبین، ئەوان شۆڕشیان دژی رژێمی بەعسی فاشیست کرد، ئێمە دەمانەوێت شۆڕشێکی مەدەنی و دیموکراسی ئەنجام بدەین، پشتیوان بە خواو پشتبەست بە دەنگی هاووڵاتیان بەرامبەر ئەو زوڵم و ناعەدالەتییە بوەستینەوە کەهەرێمەکەمان لەسایەی ئەو حکومەتە شکسخواردووە روبەرووی بۆتەوە،
هاونیشتمانیانی خۆشەویست پشتیوان بەدەنگی و بە پاڵپشتی ئێوە بەدەنگێکی دلێر دەڵێین، رێگە نادەین چیتر هاووڵاتیانی هەرێم ببنە قوربانی دەستە و تاقمێک کەتەنها خۆیان لاڕاستە و هەرێمی کوردستانیان گەیاندە ئەم قۆناغە دژوارە، بەڵێنیش دەدەین بەوپەڕی تواناوە سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم رێکبخەینەوەو کارایان بکەینەوە کەلە ئاست داواکاری خەڵکی کوردستان بێت، بتوانێت مافی هەموان دەستەبەر بکات و هەموان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان سودمەند بن، بەیەکسانی و بێجیاوازی ناوچەگەرێتی دەستی خزمەتگوزاری بۆ هەموو ناوچەکان دەستەبەر بکرێت، چیتر ئەم حوکمڕانییە فاشلە ناتوانێت بەردەوام بێت
بۆیە پێویستمان بەوەیە تاک بەتاکی ئەم کۆمەڵگایە، پیر و گەنج، هەژار و دەوڵەمەند، کرێکار و خاوەن کار، موچە خۆر و بێ مووچە، بەدەنگی خۆیان پشتیوانمان بن بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتێک بنیاد بنێین کە خزمەتکاری هاووڵاتیان بێت بەبێ جیاوازی، نەک وەک ئەو حکومەتە شکستخواردوەی ئێستا بەتەنها لە خزمەت دەستەبژێرێکدایە و خەڵکی تری کردووەتە خزمەتکات، حکومەتێک بنیات دەنێین کەسوود و خێری بۆ هەموان بێت، نەک تەنها بۆ دەستە و کۆمەڵێک بێت و خەڵکی گشتی ببنە قوربانی، دەنگدەرانی ویژدان زیندوو تەنها ٢٥ رۆژ ماووە بۆ ئەوەی هەموو لایەکمان پێکەوە ویژدانی خۆمان ئاسوودە بکەین و دووبارە حکومەتی هەرێم بکەینە نمونەیەکی جوانی حوکمڕانی کە شایستەی کۆمەڵانی خەڵک بێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوو سەلماندویەتی هەر کاتێک باڵادەستبوبێت و سوکانی حوکمڕانی لابووبێت بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستانی کردووەو لەداهاتووشدا دەیکات، ئازادی و سەربەخۆیی کارو چالاکی بۆ هەموان دەستەبەر دەکات بەبێ جیاوازی.
بۆیە تەنها داوامان لەئەندام و لایەنگرانی خۆمان نییە، داوامان لە سەرجەم خەڵکی هەرێمی کوردستانە بەهەموو جیاوازییەکانیانەوە، ئەوانەی لەم حکومەتە تاکرەوە بێزارن متمانە بەیەکێتی بکەن، بەڵێن دەدەین کە حوکمڕنای کەوتە دەست یەکێتی جیاوازی ناهێڵین و ناوچەیەک ناکەینە قوربانی ناوچەیەکی تر، بە گفتوگۆی جدی و لەپێناو بوژانەوەی کەرتی ئابووری و لەبەرژەوەندی خەڵکی هەرێم روولە بەغدا دەکەین بۆ بەدەستهێنانی مافی رەوای گەلەکەمان بەپێی دەستور و دڵنیابن دەبینە پارێزەری قەوارەی هەرێم و ژیان و ماف و گوزەرانی هاووڵاتیان و نایانکەینە قوربانی بەرژەوەندی بەرتەسکی گروپیکی دیاریکراوی خۆسەپێن.
مێژوو سەلماندویەتی هەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە بووە پشتیوان بە خواو گەلی کوردستان لەسەرتاسەری کوردستان لەهەرجێگایەک مەترسی لەناوبردن لەسەر کورد و کوردستان هەبوبێت، قوربانیمان لەپێناو داوەو پاراستومانە، ئەم جارە پشتیوان بەدەنگی ئێوە قوربانی دەدەین و ناهێڵێن ئەم هەرێمە بکرێتە قوربانی حوکمڕانی تاکرەو دەنگی ئێوە سەنگی مەحەکە بۆ کۆتایی هێنان بەم حکومەتە شکستخواردووە، بەدەنگی ئێوەو بەئەرکی ئێمە کۆتایی بەم حکومەتە شکستخواردووە دەهێنین.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP