وەزیری دادی عیراق داوا لە کەرکوکییەکان دەکات
بگەڕێنەوە کەرکوک و بۆ سەرژمێری لە کەرکوک خۆیان تۆمار بکەن و رایدەگەیەنێت:
"هەموومان کەرکوکین و سبەی لە کەرکوک دەبین، ئێمەی کەرکوکی شانازی بە کەرکوکیبونی
خۆمانەوە دەکەین".
د. خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لەپەیامێکیدا
لەبارەی سەرژمێریی رایگەیاند: "هەموومان کەرکوکین و سبەی لە کەرکوک دەبین، ئێمەی
کەرکوکی کە شانازی بە کەرکوکیبونی خۆمانەوە دەکەین، سبەینێ کە رۆژی سەرژمێرییە کاتی
ئەوەیە ئەم شانازییە لەناو پەڕە و تۆمارەکانی ساڵی 2024 دا تۆمار بکەین، چۆن ئێمە
شانازی دەکەین کە باوباپیرانمان لە سەرژمێری ساڵی 1957 لە کەرکوک تۆمار کراون و ئێمە
کەرکوکی رەسەنین و خەڵکی شارەکەین، با نەوەکانی ئێمەش شانازیمان پێوە بکەن کەلەم سەرژمێرییە
لە کەرکوک ناونوس دەکرێین".
د. خالید شوانی دهڵێت:"داواکارم لە کەرکوکییە
بەڕێزەکان لەهەر جێگایەکن بگەنەوە شاری کەرکوک و سبەی لە سەرژمێری کەرکوک خۆیان
ناونوس بکەن و لە داهاتووی شارەکە و داهاتووی نەوەکانمان زامن بکەن، هیوادارم هەموومان
ئەمڕۆ هەتا ئێوارە لەکەرکوک بین و سبەینێ بە شانازییەوە لە کەرکوک خۆمان ناونوس بکەین"
سبەینێ 2024-11-20 پرۆسەی سهرژمێری گشتی له عیراق
و ههرێمی كوردستان دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، کە نزیکەی 40 ساڵە لە
عیراق بەگشتی ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدراوە، بۆ ئەو مەبەستەش قەدەغەی هاتووچۆ لەسەرجەم
ناوچەکانی عیراق و هەرێم تا سەعات 12:00شەوی 21لەسەر 22ی11 رادەگەیەنرێت و پێویستە هاووڵاتیان لەکاتی سەردانیکردنی
بژمێرەکاندا ئامادەییان هەبێت و وەڵامی پرسیارەکانیان بدەنەوە.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP