پەیامی جێگری سەرۆکی هەرێم لە یادی ٢٤٠ ساڵەی بنيادنانى شاری سلێمانیدا

کوردستان
10:01 - 2024-11-14

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان: لە یادی (٢٤٠)هەمین ساڵەی بنیادنانی شاری سلێمانیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی و پایتەختی ڕۆشنبیری کوردستان دەکەم، کە دوو سەد و چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لەسەر دەستی ئیبراهیم سلێمان پاشای بابانەوە هاتۆتە بنیادنان.
شاری سلێمانی هەر لە سەرەتای بنیادنانییەوە تاکو ئێستا مەڵبەندێکی گرنگ و پڕ بایەخ بووە بۆ شارستانیەت و بڵاوبوونەوەی خوێندەواریی و ڕۆشنبیری، کە خاوەنی سەدان کەسایەتی مێژوویی و زانا و شاعیری بەناوبانگە لەم بوارەدا، هەمیشە ناوەندێکی چالاک و پێشەنگ بووە بۆ خەباتی پڕ لە شۆڕشگێڕی و بەرەنگاربوونەوە دژ بە زوڵم و زۆرداریی و نادادپەروەری، هەروەها لە بواری خزمەتکردن بە نیشتیمان و کوردستان بەردەوام قوربانیداوە، بۆیە هەر لە دێر زەمانەوە نازناوی هەڵمەت و قوربانی لە خۆیدا هەڵگرتووە، لەهەمان کاتدا هەم لە ڕابردوو و هەم لە ئێستاشدا ئەم شارە هێمای ئاوەدانیی و سیمبولێکی جوانی ناوچەکە بووە بۆ ژیانی بەیەکەوەیی و یەکتر قبووڵ کردن.
ئومێدەوارم شاری سلێمانی لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریدا پێشکەوتنی زیاتر بەخۆیەوە ببینێ، دوور لە ململانێی حزبی لە چوارچێوەی کاروبارە یاسایی و ئیدارییەکانی حکومەت گشت پارێزگاکان بێ جیاوازی کاریان بۆ بکرێت و جێگای ڕەزامەندی دانیشتوانەکانی بێت.
سڵاو لە خەڵکی خۆشەویست و سەنگینی شاری سلێمانی، هەمیشە ئاوەدان بێت مەڵبەندی ئازادیخوازیی و شاری ڕۆشنبیریی و پێکەوە ژیان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP