به‌شداریی كورد له‌ سه‌رژمێریی كوردستانیبوونی ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 ده‌سه‌لمێنێته‌وه‌

کوردستان
17:27 - 2024-11-19

 
داوا لە کوردانی نیشتەجێی ماددەی 140 دەکرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و بەشداری پڕۆسەی سەرژمێریی گشتیی عیراق بکەن کە بڕیارە لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگەدا ئەنجامبدرێت، سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی دەڵێت: "داوا لە هاووڵاتیانی سنووری ماددەی 140 دەکەم تا کات ماوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان"، هەر لەوبارەیەوە وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بەوەدەکات: "ئەو غەدرەی لە سەردەمی رژێمی بەعس و لە سەرژمێری ساڵی 1997 لە کوردانی ناوچە جێناکۆکەکان کرا سبەینێ دووبارە نابێتەوە و داوا لە کوردەکان دەکەین بەشداری کارابن لە پڕۆسەکە، بۆئەوەی ببینە پارێزەری مافی نەوەکانی داهاتوومان".

هاووڵاتیانی سنووری ماددەی 140 بگەڕێنەوە زێدی خۆیان
ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک - سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: "داوا لە هاووڵاتیانی سنووری ماددەی 140 دەکەم تا کات ماوە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بەشداری لە پڕۆسەی سەرژمێریدا بکەن".

"ئەوەی بەشداری پڕۆسەکە نەکات بێبەش دەبێت لە هەموو مافەکانی، ئەو دەنگۆیانەشی کە دەڵێن هاووڵاتیانی ناوچە جێناکۆکەکان دەتوانرێت لە شوێنێکی دیکە خۆیان تۆمار بکەن دوورە لە راستییەوە".

زۆر گرنگە کوردانی سنووری ماددەی 140 بەشداریبکەن
سەرژمێری ئەمساڵ رەزامەندی هەموولایەکی لەسەرە و گرنگە کوردانی سنووری ماددەی 140 بەشداری بکەن.

سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "دوای سەرژمێری ساڵی 1957، سەرژمێرییەکی ئەمساڵ یەکەم سەرژمێرییە کە رەزامەندی لایەن و پێکهاتەکانی لەسەرە، بۆیە زۆر گرنگە کوردانی ئەو ناوچانەی کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە بەشداری کارا بکەن لە سەرژمێریەکە، بۆئەمەش وەک یەکێتی هەموو ئامادەکاریی و کارئاسانییەکمان کردووە بۆئەوەی خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە بەشداربن لە سەرژمێریەکە".

"لە پارێزگای دیالە بەگشتی لە خانەقین بە تایبەتی دانیشتوانەکەی ئامادەکارییان کردووە کە سبەینێ بەشداری سەرژمێری گشتی عیراق بکەن و هەر هاووڵاتییەکیش بە هەر هۆکارێک لە دەرەوەی پارێزگاکە نیشتەجێبێت لە ئێستادا بە گڕوتینێکی کوردانەوە هاتوونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و سبەینێ کوردستانیبوونی ناوچەکانیان دەسەلمێنن"، سۆزان مەنسور وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا: "کۆتا سەرژمێری کە لە خانەقین کراوە لە ساڵی 1997 بووە و لەژێر فشاری رژێمی بەعسدا غەدر لە کورد کراوە، بەڵام ئەم سەرژمێریە دەرفەتێکی باشە بۆئەوەی کوردستانیبوونی ناوچەکانمان بسەلمێنینەوە، هاوکات ئەم سەرژمێرییە دەبێتە پێوەرێک بۆ بودجەی پارێزگاکان و رێژەی دانیشتووان و دیاریکردنی پێکهاتەکان لە پارێزگاکان، بۆیە داواکارین لە خەڵکی رەسەنی ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و چارەنووسی نەوەکانی داهاتوویان دیاریبکەن، ئەمە جگە لەوەی سەرژمێریەکە دیمۆگرافیای ناوچەکان دیاریدەکات".


"کوردستانیبوونی کەرکوک پشتڕاست بکەنەوە"
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە کوردانی کەرکوک دەکات بەشداری سەرژمێریەکە بکەن و کوردستانیبوونی شارەکە پشتڕاست بکەنەوە.

سەباح شێخ حەبیب ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پشک کەرکوک بە PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "کەرکوکیەیکان مافی خۆیانە بەشداری سەرژمێری گشتی عیراق بکەن و کوردستانیبوونی شارەکەیان پشتڕاست بکەنەوە، لەم روانگەیەشەوە وەک فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە کوردانی کەرکوک دەکەین بەشداری سەرژمێریەکە بکەن، چونکە ئەم سەرژمێریە دەبێتە ئامارێکی جێگیر بۆ کورسی پەرلەمانی عیراق و کوردستان و داهاتی پارێزگاکان و پاشان رێژەی دامەزراندن".

"ئەگەر کەرکوکییەک بەشداری سەرژمێریەکە نەکات زۆر ماف هەیە کە بەهۆی تایبەتمەندێتی کەرکوکەوە دەدرێتە دانیشتووانی شارەکە لەدەستی دەدات و ناتوانێت جارێکی دیکە وەک کەرکوکییەک مافەکانی بەدەستبهێنێت، هاوکات وەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بەوردی چاودێری پڕۆسەکە دەکەین و لە چەند رۆژی رابردوودا ئەو کێشانەی کە هەبوون هەوڵی چارەسەرکردنیمان داوە"، سەباح شێخ حەبیب وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا: "کەرکوکییەکان وەک هەمیشە کە پارێزگارییان لە خاک و ئاویان کردووە، لە ئێستاشدا بە رۆحیەتی پێشمەرگە ئاسا هاتونەتەوە شارەکە و دەیانەوێت لە سەرژمێریەکەدا پارێزەری خاکی باوک و باپیرانیان بن".

سبەینێ و دووسبەی کە دەکاتە رۆژی 20 و 21ـی 10ـی 2024، سەرژمێری گشتی لە عیراق ئەنجامدەدرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی 37 ساڵە سەرژمێری لە کورداتان ئەنجام نەدراوە و داواش لە کوردانی سنووری ماددەی 140 دەکرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP