كاروان یاروه‌یس: ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ له‌ سوریا له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی كه‌وتنی موسڵ ئه‌چێت

کوردستان
10:23 - 2024-11-30


په‌رله‌مانتارێكی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردووی سوریا، به‌  دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی كه‌وتنی موسڵ ده‌چوێنێت ده‌ڵێت:" پێویسته‌ غافڵ‌ نه‌بین، هه‌میشه‌ له‌ یاری نێوان زڵهێزه‌كاندا كورد بووه‌ به‌ژێر پێوه‌".

كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق،‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌ژێر ناوی‌ "پرشكی ئاگره‌كه‌ی حه‌له‌ب!"، رایگه‌یاندووه‌: "دوای راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ نێوان لوبنان و ئیسرائیل، یه‌كسه‌ر په‌لاماری گروپه‌ چه‌كداره‌ توندره‌وه‌كان بۆ حه‌له‌ب و ناوچه‌كانی تری ژێر ده‌سته‌ڵاتی رژیمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د ده‌ستی پێكرد".

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌: "ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش و كه‌وتنی موسڵ ئه‌چێ، (ئێران، روسیا) و سوپای ئه‌سه‌د به‌یه‌كه‌وه‌ رووبه‌ڕووی گروپه‌ چه‌كداره‌ توندره‌وه‌كان ده‌بنه‌وه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێشیوایه‌ كه‌: "هێشتا روون نییه‌، كورد له‌ باشور و رۆژئاوا به‌ریه‌ككه‌وتنی چۆن ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاته‌ مه‌ترسیدارانه‌دا. به‌ڵام پێویسته‌ غافڵ نه‌بین و په‌ند له‌ سه‌رهه‌ڵدانی داعش و كه‌وتنی كتوپڕی موسڵ وه‌ربگرین، سنوره‌كانمان تۆكمه‌تر بكه‌ین و له‌رووی زانیاریشه‌وه‌ وردتر چاودێری دۆخه‌كه‌ بكه‌ین".

باسی له‌وه‌شكردووه‌: "ئێران و روسیا به‌هه‌موو هێزیانه‌وه‌ رێگه‌ناده‌ن سوریا به‌ته‌واوه‌تی بكه‌وێ، ئه‌گه‌ر ئه‌سه‌د لاوازتر بێ ره‌نگه‌ زه‌مینه‌ی رێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ڕۆژئاڤا ئاسانتر بێت، به‌ڵام گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان سه‌ركه‌ون و دواتر خۆیان رێكبخه‌نه‌وه‌ بۆ په‌لاماردانی ڕۆژئاڤا ئه‌مه‌ قسه‌ی تر هه‌ڵده‌گرێی".

كاروان یاروه‌یس ده‌ڵێت:"به‌دڵنیاییه‌وه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان ناتوانن به‌رامبه‌ربه‌ ئێراده‌ی به‌هێزی كورد خۆیان رابگرن، چونكه‌ پێشتر ئه‌مه‌یان تاقیكردۆته‌وه‌!"

ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی رووده‌دات، له‌ شه‌ڕگه‌كاندا گروپه‌ چه‌كداره‌كان و سوپای سوریان رووبه‌ڕووی یه‌كدی ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام له‌ پشته‌وه‌ به‌ ده‌سكی هه‌واڵگیری ئه‌م وڵات و ئه‌و وڵات جوڵه‌ به‌دۆخه‌كه‌ ده‌كرێ، یه‌زدانی مه‌زن كوردو كوردستان بپارێزێ، هه‌قمانه‌ نیگه‌ران بین چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌ یاری نێوان زڵهێزه‌كاندا بووین به‌ژێر پێیه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر ماوین و خۆراگربووین، ئه‌گه‌ریشه‌ ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ به‌سودی كوردا بشكێته‌وه‌".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP