عێراق بۆ ئەمساڵ بڕی 950 ملیار دیناری بۆ قەرزی سندوقی نیشتەجێبون تەرخانكردوە، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو قەرزی نیشتەجێبوون بۆ 16 هەزار و 309 مامەڵەی قەرز خەرجكراوە، كە بڕەكەی زیاتر لە تریلیۆنێك و 80 ملیار دینار بوە .
نەبیل سەفار، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق ڕایگەیاند، بۆ ئەمساڵ ڕەزامەندی دراوە بە تەرخانكردنی 950 ملیار دینار بۆ قەرزی سندوقی نیشتەجێبون، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی كە سندوقەكە كارەكانی پێدەكات، جێگیرە و لەنێو قەرزەکاندا دەسوڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕی قەرزەكە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە و بەگوێرەی موچەی بنەڕەتیی موچەی كەفیلەکە و خواستی هاوڵاتیان دەگۆڕێت و زۆرترین سەقفی قەرزەكەش 60 ملیۆن دینارە.
ساڵانە بڕە پارەكان بەپێی ئەوەی لە قەرز وەرگرانی پێشو وەرگیراوەتەوە تەرخان دەكرێت، كە لەماوەی 15 ساڵدا دەدرێتەوە، بەو پێیەی پلانی قەرزدان لەسەر بنەمای ئەو بڕە پارە وەرگیراوانە داڕێژراوە، بۆیە ژمارەكان لە ساڵێكەوە بۆ ساڵێكی تر جیاوازە .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP