وەفدێكی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغداد

عێراق
12:24 - 2025-07-07

بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی بەغداد و رێککەوتن لەسەر پێشنیازێکی نوێ بۆ دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و وەڵامدانەوەی رەشنووسەکەی حکوومەتی عێراق وەفدێکی هەرێمی کوردستان گەیشتنە بەغداد.
ئەو وەفدەی هەفتەی ڕابردو, رەشنووسەکەیان بۆ سودانی بەجێهێشت بە وەرەقەیەکی ئیمزاکراوەوە ئەمڕۆ گەیشتنە بەغداد و کۆبونەوە لەگەڵ هەمان وەفدی حکومەتی عێراق دەکەن، کۆبونەوەکەش بەسەرۆکایەتی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکرێت و وەفدی هەردوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان لە کۆبونەوەکەدا بەشدار دەبن.
پێشتر میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، پێش بەڕێکەوتنی وەفدەکە بۆ بەغداد، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵیان راگەیاندووە، ئامادەن نەوتی هەرێمی کوردستان رادەستی بەغداد بکەن بۆ ئەوەی بەپێی رێککەوتنی پێشوو لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی دەرەوەی بکرێت.
بەپێی سەرچاوەکان، وەڵامی حکومەتی هەرێم بۆ رەشنووسەکەی حکومەتی فیدراڵی ئەرێنی بووە، ئەویش بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان و نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان، لەبەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەک ئەوەی لە پرۆژەیاسای هەمواری بودجەی فیدراڵی و رێککەوتنی مانگی شوباتی رابردووی نێوان هەردوو وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەسەر رێککەوتوون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP