دادگای فیدراڵی لەژێر سەرۆکایەتییە نوێیەکەیدا نەخشەڕێگای کاری داهاتووی دیاری کرد

عێراق
16:21 - 2025-07-07


دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، یەکەم کۆبوونەوەی ڕاوێژکاریی خۆی بە سەرۆکایەتییە نوێیەکەی و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی رێکخست.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بۆ تاوتوێکردنی ڕەوتی کارکردنی دادگا ساز کرابوو، چەندین بنەمای سەرەکی دووپات کرانەوە کە دادگا لە قۆناغی داهاتوودا پابەندیان دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێکی رەسمی، دادگاکە جەختی کردەوە پابەندی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەبێت و هیچ فراوانخوازییەک لەو دەسەڵاتانەدا ناکات. هاوکات، جەختی لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی دادگا و ڕێگەنەدان بە هیچ دەستوەردانێکی سیاسی لە کاروباری دادگادا کرایەوە.
یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرەکییەکان، پابەندبوونی دادگای فیدراڵی بوو بە بێلایەنیی تەواو و وەستان لە یەک ئاست لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بە ئامانجی پاراستنی سیستمی سیاسیی عێراق و ڕێزگرتن لە مافی هەموو پێکهاتەکان.
لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، دادگای فیدراڵی ڕوونی کردەوە ڕۆڵی تەنها لەو چوارچێوەیەدا دەبێت کە دەستوور بۆی دیاری کردووە و خۆی لە ململانێ سیاسییەکان بەدوور دەگرێت.
دادگا دووپاتی کردەوە وەک بەشێک لە دەسەڵاتی دادوەری، هەوڵەکانی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری چڕ دەکاتەوە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری لەگەڵ پسپۆڕانی یاسای دەستووری نیشان دا بەمەبەستی پەرەپێدانی کاری دادگا.
******-
دادگای فیدراڵی لەژێر سەرۆکایەتییە نوێیەکەیدا نەخشەڕێگای کاری داهاتووی دیاری کرد

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە