ئەنفال یەكێكە لەو تاوانە گەورانەی كە رژێمی بەعس بەرامبەر بە میللەتی كورد لە هەشت قۆناغدا جێبەجێیكرد، پڕۆسەیەكی نەخشە بۆ داڕێژراو بوو بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتی كورد و لەناوبردنی گشت شوێنەوارێكی ئابوری و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی كۆمەڵگەی كوردی، بهڵام نه ئهنفال و نه كیمیابارانكردن و نه تهعریب و تههجیر نهیانتوانی چۆك به خهباتی ئهم میللهته دا بدات و دهستبهرداری ئازادیی و سهرفرازیی بێت.
قۆناغی یەكەمی پڕۆسەی ئەنفال
لە (23 /2 تـــا 18 / 3 / 1988)
سنووری پەلاماری ئەنفالی یەك بریتی بوو لە دوكان، بنگرد، زێی بچوك، ماوەت، چوارتا، ئەزمەڕ سلێمانی سوسێ، سورداشی سەر بەپارێزگای سلێمانی دەستی پێكرد، لەسەعات 1:30 دەقیقە بۆ 2ی شەوی 23 ی شوبات بوو كە خەڵكی یاخسەمەر و سەرگەڵو بەرگەڵو لەتاریكی و باراندا بەدەنگی ناڵەو زرمەی راجیمە بەئاگاهاتنەوە، ئەم بۆردومانە بە هەموو نیاز و مەبەستێك، بەیەكەم تەقەی پەلاماری ئەنفال دەژمێردرێت.
دوای نزیكەی یەك مانگ لە شەڕ و پێكدانان و روبەڕوبوونەوەی سەخت لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق لە رۆژی 18 / 3/ 1988 یەكەكانی سوپا رژانە ناو سەرگەڵو بەرگەڵو لە رۆژی 19 / 3 / 1988 دا بە بەیانی ژمارە (3087) لەهەموو دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیەوە گیرانی بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتی وەكو مژدەیەك بڵاو كردەوە.
قۆناغی دووەمی پڕۆسەی ئەنفال
لە 22/3 تا 1/ 4/ 1988
قۆناغی دووەمی ئەنفال بۆسەر ناوچەكانی (قەرەداغ، بازیان، دەربەندیخان) بوو، وەكو نەریتی خۆی رژێم سەرەتای هەر قۆناغێكی ئەنفال بە هێرشی كیمیاوی دەستی پێدەكرد، بۆیە 6 رۆژ دوای كارەساتی هەڵەبجە لە 22/ 3 / 1988 گوندی (سێوسێنان) بەسەختی و بە شێوازی بەعسیانە درایە بەر كیمیاوی. بۆیە ئەم چەكە بو بەسامناكترین چەك كە دژی كورد بەكار بهێنرێت، ئەم هێرشە بە دەستپێكی قۆناغی دووەمی ئەنفال دادەنرێت، لەئەنجامی ئەم كیمیابارانەدا وێڕای زیانێكی ماددی زۆر، بووە هۆی شەهید بوونی زیاد لە (66) كەس و بریندار بونی دەیانی تر لە ناو شەهیدەكاندا (30)یان مناڵ بوون. پاش ئەوەی رژێم ئەم ناوچەیەی داگیر كردوبو سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیەی روخاند كە نزیكەی (80) گوندو (2241) خانو كە (12254) كەس لەم ناوچەیەدا دەیان، نزیكەی (5637) كەس بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتن و سەرنگوم كران.
پاش روخاندنی گشت گوندەكانی ئەم ناوچەیە، ئەنفالی دوو لە 1 ی نیسانی 1988 كۆتایی هات.
قۆناغی سێیەمی ئەنفال
7/ 4تــا 20 / 4 / 1988
ئەم قۆناغەی ئەنفال بە پڕ زیانترین و ترسناكترین پڕۆسەی ئەنفال دادەنرێت كە زۆرترین مرۆڤی كوردی تیادا ئەنفالكرا، سنووری ئەم ناوچەیە لە رۆژئاواوە شاڕێی نێوان شاری پڕنەوتی كەركوك و شارۆچكەی دوزخورماتوە، لە باكورەوە رێگای كەركوك – چەمچەماڵ، لەلای رۆژهەڵاتەوە چیاكانی قەرەداغ و لە باشوریشەوە هەرسێ شارۆچكەی كەلار و كفری و پێبازە ئەم هێرشە بەكاریگەرترین و كوشندەترین و بەزیانترین هەڵمەت دادەنرێت ئەمیش بۆسەر ناوچەكانی (چەمچەماڵ، سەنگاو، قادركەرەم، دوز، كفری، كەلار، بێباز، تیلەكۆ)، ئەم ناوچانە سەر بەهەرسێ پارێزگای (كەركوك، سلێمانی، دیالا) بوون، ئەمیش فراوانترین هێرشی ئەنفال بوو كە پتر لە (500) گوندی گرتەوە سەرەڕای تەختكردنی 4 ناحیە. لە رۆژی (14 / 4/ 1988) لوتكەی هێرشی ئەنفال بوو، لەم رۆژەدا بەپێی خەمڵاندنی (كۆمیتەی بەرگریكردن لە مافی قوربانیانی ئەنفال) نزیكەی (20)هەزار لە ژن و پیاو و پیر و مناڵ كۆكرانەوە و بەئیڤای سەربازی و تراكتۆری گوندنشینەكان رەوانەی قەڵا سەربازییەكەی (قورەتو) كران و لەوێشەوە بەرەو چارەنوسی نادیار رۆیشتن، هەر بۆیە ئەم رۆژە كرا بەرۆژی (ئەنفالەكان).
ئەم هێرشەی قۆناغی سێیەم لە رۆژی 20 / 4 / 1988 كۆتایی هات و یەك گوند لە گەرمیاندا بە پێوە نەماو روخێنران، خەڵكەكەشی بەزۆری لەقادر كەرەم كۆكرانەوە و پاش تەواوبوونی ئەم قۆناغە (عەلی حەسەن مەجید و بارق و سوڵتان هاشم) هاتن بۆ سەیری ئەو گیراوانەی كە لە قادر كەرەم كۆكرابوونەوە. چەند رۆژێك تەلەفیزیۆنەكانی رژێم پیشانی دەدان .
قۆناغی چوارەمی ئەنفال
لە 3 / 5 تـــا 15/ 5 / 1988
ئەنفالی چوار بۆسەر ناوچەكانی دۆڵی زێی بچوك و دەشتی كۆیە و ئاغجەلەر و تەقتەق و شوان و خاڵخاڵان بوون، ئەنفالی چوار لە رۆژی 3/5/1988 بە كیمیایبارانكردنی خەستی گوندی گۆپتەپە و عەسكەری سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر دەستی پێكرد، ئەو بۆمبارانە كیمیاوییە بووە هۆی كوشتنی 154 كەس و برینداربوونی سەدان كەسی دیكە.
سوپا لەرۆژی 15/5 سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیەی روخاند و ئەم قۆناغەی ئەنفالیش كۆتایی هات.
قۆناغی پێنجەم و شەشەم و حەوتەمی ئەنفال
لە 15 / 5 تـــا 26 / 8 / 1988
قۆناغەكانی (پێنجەم و شەشەم و حەوتەم)ی ئەنفال، بۆسەر دۆڵی نێو چیاكانی (شەقڵاوە و رەواندوز) بوو لەرۆژی 15ی مایس دەستی پێكرد، ئەم پەلامارەش بەسەرپەرشتی فەرماندەی فەیلەقی (5)و سەرپەرشتیاری ئەم قۆناغەی ئەنفال (یونس محمد زەرب) بوو، سەرەتای ئەم پەلامارەش هەروەكو سەرجەم پەلامارەكانی دی رژێم بەهێرشی كیمیاوی دەستیپێكرد، رۆژی 15 / 5 / 1988 دوا روژی رەمەزان بو خەڵكی خۆیان بۆ جەژنی رەمەزان ئامادەكردبوو چەند فڕۆكەیەك كەوتنە كیمیابارانكردنی گوندەكانی (وەرە، عەلی یاوا، سماقولی، نازەنین) لەم پەلامارەدا لە گوندی وەرە (36)كەس شەهید بوون (17)پیاو و (19) ژن بوون.
قۆناغی هەشتەم و كۆتایی ئەنفال
26 / 8تــا 6 / 9 / 1988
سنوری پەلاماری قۆناغی هەشتی ئەنفال بریتی بوو لە: دهۆك، زاخۆ، باتوفە، كانی ماسێ، زێوە، دێرەلوك، ئەتروش و زاوێتە.
لەدوای وەستانی شەڕی نێوان عیراق ئێران لە 8/8/1988 سوپای عیراق تەواوی هێزەكانی لە ناوچە سنوورییەكان كشاندەوە بۆ بەرەكانی ئەنفال، كە لەوكاتەدا 7 قۆناغی ئەنفال كۆتایی هاتبوو تەنها قۆناغی هەشتەمی ئەنفال مابوو، قۆناغی هەشتەمی شاڵاوی ئەنفال بۆسەر دەڤەری بادینانی سنووری توركیا بوو.
سەرەتای هێرشەكەش بۆ چاوترساندنی خەڵكە بە كیمیابارانكردن دەستی پێكرد، پاش كیمیابارانێكی خەست رژیم هێرشی زەمینی لەرۆژی 28 / 8 / 1988 دەستی پێكرد، ئەم شاڵاوە لە رۆژئاواوە لەزاخۆوە تا ئامێدی درێژبووەوە لە باشورو رۆژهەڵاتیشەوە شێخان و ئاكرێی گرتەوە .
پاش روخانی سەرجەم گوندەكانی ئەم ناوچەیە لە رۆژی 6 / 9 خاتمەی ئەنفال راگەیەنرا و هەربەو بۆنەیەشەوە لێبوردنی گشتی راگەیەنرا.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP