ئەندامێکی تیمی هەرێمی کوردستانی لە رێكخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاند لە هەفتەی رابردوودا توركیا 128 جار تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمەکە لە رێكخراوی سی پی تی ئەمریکی رایگەیاندوە، لە 24ـی ئایارەوە، سوپای تورکیا 83 جار هێرشیکردووەتە سەر چیای نزارکێ، لە سنووری شارەدێی شیلادزێ لە شارۆچکەی ئامێدی .
وتیشی: لە هەفتەی رابردوودا، سوپای تورکیا 45 جار تۆپبارانی گوندەکانی بەری گارەی لە سنووری ناحیەی دێرەلوک لە شارۆچکەی ئامێدی کردووە .
ئەوەشی روونکردووەتەوە، لە هەفتەی رابردوودا، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 128 هێرش و هیچ هاونیشتمانییەک نەبووەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی تۆپبارانەکان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتووانی سنووری شارۆچکەی ئامێدی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆنگرەی تایبەتی خۆی بەستووە سەبارەت بە چەکدانان و دەستپێکی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەڵام تورکیا هەر سوورە لەسەر پەلامار و هێرشەکانی .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP