وەفدی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان و وەفدی
حكومەتی راگوزەری سوریا لە دیمەشق كۆبونەوە و لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن.
بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبونەوەكە، هەردوولا
لەبارەی جێبەجێكردنی
رێككەوتنەكەی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع،
سەرۆكی راگوزەری سوریا، لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن.
ئەو چوار خاڵەی لەسەری رێككەوتون، ئەمانەن: پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی
لاوەكی و تایبەت بۆ بەدواداچونی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم
عەبدی و ئەحمەد شەرع.
خاڵکێکی دیکەی ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە هەوڵدان بۆ
چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دۆسیەی تاقیكردنەوەكان و ناوەندەكانی تاقیكردنەوەكان،
بەشێوەیەك دەستەبەری مافی خوێندكاران و سەلامەتی پڕۆسەی پەروەردە بكات.
تاوتوێكردنی میكانیزمەكانی ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی
ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و كاركردن لەسەر لابردنی كۆسپەكانی بەردەم گەڕانەوەیان،
خاڵکێکی دیکەی ڕێککەوتنەکەی رێككەوتنی ئیدارەی خۆسەر و دیمەشقە.
هەردوولاش لەسەر كاراكردنەوەی
دۆسیەی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی حەڵەب و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دۆسیەكە
ڕێککەوتن بەشێوەیەك خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی بكات.
هەروەها وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەردوولا
جەختیان لە پابەندبوون بە گفتوگۆی بونیادنەر و هەماهەنگی بەردەوام كردەوە و لەسەر
دیاریكردنی كۆبونەوەیەكی دیكەش لە نزیك كاتدا بۆ تەواوكردنی گفتوگۆ و بەدواداچون رێككەوتن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP