دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، پێشوازی لە ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دواین پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی یەکێتی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا کرا.
دانووستانەکانی نێوان وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئاماژەی بەوەشکرد:" لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دیدگای هاوبەشی حکومڕانیمان ئامادەکردووە، دەبێتە کارنامەی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
کونسوڵی گشتی ئەمریکا جەختی لە هەوڵەکانی هەردوولا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار کردەوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەوەشی خستەروو:"ئامانجی یەکێتی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزارە لەپێناو سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستان".
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP