لە سنووری پێنجوێن مین بە هەشت کرێکاردا تەقییەوە

کوردستان
21:37 - 2025-05-30

بەهۆی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگییەکانەوەk لە سنوری قەزای پێنجوێن هەشت کرێکار لەزەوییەکی کشتوکاڵیدا برینداربوون و دوانیان تەندروستیان ناجێگیرە.

هێمن ئیبراهیم قائیمقامی قەزای پێنجوێن رایگەیاند: لە گوندی کێلوی سنوری قەزاکە، ژمارەیەک کرێکار بۆ کاری کشتوکاڵی چوبوونە کێڵگەیەک، دەستکاری پاشماوەی جەنگییان کردووە و پێیاندا تەقیوەتەوە.

قایمقامی قەزاکە دەڵێت لەو کرێکارانە هەشتیان برینداربوون، برینی دووانیان سوکە و هەر زوو لە نەخۆشخانە دەرکران و دوو کەسی دیکەیان لە نەخۆشخانەی پێنجوێنن و چواری دیکەیان بە هۆی سەختی برینەکەیانەوە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی چارەسەر دەکرێـن و لەو چوار کەسە دوانیان تەندروستیان ناجێگیرە.

هێمن ئیبراهیم ئاشکرای کرد لە پێنجوێن رووبەری زیاتر لە 58 ملیۆن مەتر دووجای زەوی، پاشماوەی جەنگی تێدابووە، 18 ملیۆن مەتر دووجای پاکراوەتەوە و نزیکەی 40 ملیۆن مەتر دووجا ماوە.

ئەوەشی خستەڕوو: روبەرێکی زۆر لە پێنجوێن شاخ و دارستانی چڕە، بۆیە بۆ پاککردنەوەی لەمین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی، پێویستی بە توانای مرۆیی و ماددی گەورە هەیە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP