ئه‌مریكا هێزه‌كانی له‌ سوریا كه‌مده‌كاته‌وه‌

کوردستان
17:43 - 2025-06-03


نێردەی نوێی ئەمەریكا بۆ سوریا رایگەیاند: "كە ئەمەریكا دەستی بە كەمكردنەوەی سەربازی وڵاتەكەی لە سووریا كردووە و دەیەوێت تەنها یەك بنكەی سەربازی لە سووریادا بهێڵیتەوە".

تۆماس باراك نێردەی نوێی ئەمەریكا بۆ سوریا ، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی NTV ی توركی رایگەیاند: "ئەمریكا ژمارەی بنكەكانی لە هەشت بنكەوە بۆ پێنج بنكە كەمكردووەتەوە و پێدەچێت تەنها یەك بنكە لەو وڵاتە بهێڵینەوە".

هاوكات روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند: "كە هێزەكانی ئەمەریكا لەناكاو لە دوو بنكەی سەربازی سەرەكی لە پارێزگای دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا كشاونەتەوە و ئەمەش یەكێكە لە گرنگترین گۆڕانكارییە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا".

راشیگەیاندووە: "كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا لە رۆژی 18 ی ئایارەوە دەستیپێكردووە و لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا پڕۆسەكە خێراتر بووە و ئۆتۆمبێلی سەربازی ئەمەریكیی، كە زرێپۆش و كەلوپەلی لۆجیستی لەخۆدەگرێت بینراون كە كێڵگەی نەوتی عومەر و كێڵگەی گازی كۆنۆكۆ بەجێدەهێڵن و هەردووكیان شوێنی ستراتیژین لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سووریای دیموكرات كە ئەمەریكا پشتیوانی دەكات".

روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشكردووە: "بنكەی نەوتی ئەمەریكا لە كێڵگەی نەوتی عومەر گەورەترین بنكە بوو لە سووریا و كشانەوەی هێزەكە لە كاتێكدایە كە فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە رابەرایەتی ئەمەریكا گەشتی چڕی دەكەن، پاش كشانەوە، هێزە تایبەتەكان بڵاوەیان پێكرد".

راشیگەیاندووە: "هەرچەندە ئەمریكا لەو شوێنانە بەتەواوەتی نەكشاوەتەوە، بەڵام بە یەكێك لە گرنگترین ئۆپەراسیۆنەكانی گۆڕینی شوێنی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە دادەنرێت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP