جێگری سەرۆکی هەرێم پێشوازیکرد لە شاندێکی سەربازیی هاوپەیمانان

کوردستان
15:33 - 2025-06-05



ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٥/٦/٥ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە به‌ڕێزان عەمید کێڤن هام، فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و عەقید براندستێتەر فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوایین بارودۆخی سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق کرا، هەروەها ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرز و کاریگەر نرخێندرا.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکاندا، بەڕێز جێگری سەرۆکی هەرێم جەختی لە گرنگی و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانان کردەوە، لەپێناو پاراستن و سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنيیان تێدا هەیە.

دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکان بوو.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP