سەرۆك بافڵ پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم کرد

کوردستان
16:26 - 2025-07-24

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە د. جوان ئیحسان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە تاوتوێکرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان کرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق، ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بوو کە جەخت لە پابەندبوون بە دەستوور و یاسا بەرکارەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە و سەرۆک بافڵ رایگەیاند، ئەمەی بەدیهات بەرهەمی هەوڵ و یەکڕیزیی ناوماڵی کورد بوو، بۆیە یەکێتی پەرۆشانە کاردەکات بۆ رەخساندنی زەمینەی پێکەوەیی و پاراستنی هاوبەشێتی و شەراکەتی حەقیقی کە بنەماکەی پاراستنی مافی هەمووان بێت بە تایبەت خەڵکی کوردستان تاوەکو چیدیکە نەبنە قوربانی و ئەمەشمان بەئەرکی خۆمان زانی.

لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی روونکردنەوەیدا و وتی، هەموو هەوڵەکانمان بەو ئاڕاستەیەن کە حکومەتی نوێ پێش هەڵبژاردنی عیراق پێکبهێنین، بۆ ئەوەش دەربەست لەپێناو گەیشتن بە حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە ببێتە مایەی بەهێزکردنی هەرێمەکەمان و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە هەوڵداین و دڵنیاین لەم ئەرکەشدا لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی سەرکەوتوو دەبین.

لە بەرامبەردا کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازی لە هەوڵ و رۆڵی سەرۆک بافڵ و یەکێتی کرد بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی وڵاتەکەشی بۆ پاراستی دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنەکان کرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP