سادق شێخ عوسمان وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی
كوردستان رایگەیاند: چاوەڕواندەكرێت لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاری
مووچەخۆرانی هەرێم، ئەو خانەنشینانەی لە ئەمساڵدا خانەنشین كراون مووچەی مانگەكانی
1 تا 5ی ئەمساڵ بەیەكەوە وەربگرن كە ژمارەیان نزیكەی پێنج هەزار خانەنشینە.
باسیلەوەشکرد: لەو ژمارەیە هەزار و 150 خانەنشین
لە پارێزگای سلێمانین و ژمارەكەی دیكەش لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكن و لە
ئەمساڵیشدا نزیكەی 30 هەزار فەرمانبەر لە سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەكانی
حكومەتی هەرێم خانەنشین دەبن، هەروەها لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی شەشیشدا
نزیكەی 10 هەزار خانەنشینی دیكە مووچەی مانگەكانی رابردووی ئەمساڵ وەردەگرن،
كە نزیكەی دوو هەزار خانەنشینیان لە
سنووری پارێزگای سلێمانین.
ئەوەشیخستەڕوو: لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی
حەوتیشدا نزیكەی پێنج هەزار خانەنشینی دیكە مووچەی مانگەكانی رابردووی ئەمساڵ
وەردەگرن كە هەزار و 300 خانەنشینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین.
راشیگەیاند: ئەو خانەنشینانەی دیكەش كە
دەمێننەوە، لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگەكانی داهاتوو خانەنشینییەكانیان پێدەدرێت
و مووچەی هیچ مانگێكیان نافەوتێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP