قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی باڵای سەربازی بەریتانیا کۆبووەوە

کوردستان
18:55 - 2025-07-30

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای سەربازی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی ئیدوارد ئاڵگرن، ‌راوێژكارى باڵای وەزارەتی به‌رگريى به‌ريتانىا بۆ کاروباری‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئەفریقا و پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکەیان کرد.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە(30/7/2025) لە هەولێر بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە. هەردوولا هاوڕابوون لە شەڕ و بارگرژییەکانی ماوەی رابردووی ناوچەکەدا سیاسەت و هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی عێراق ئەرێنی بووە و جەختیشیان کردەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانیش، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیری عێراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە. 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەهێزترکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ بەریتانیا کرا. لەمبارەیەوە وەفدی سەربازی بەریتانیا جەختیان کردەوە کە بەریتانیا وەک هاوبەش و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و کار دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لەڕووی راوێژی سەربازی و راهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP