ناوەندی كوردستان خاوەنی زیاتر لە 300 هەزار بەڵگەنامه‌ی ئه‌رشیفیه‌

کوردستان
16:51 - 2025-05-28


ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی لە زانكۆی سلێمانی خاوەنی زیاتر لە 300 هەزار بەڵگەی دیجیتاڵی و ئۆرجیناڵ و ئەرشیفی تۆماركراوی ئەكادیمی كاغەزی و دیجیتاڵییە، هاوكات خاوەنی دەیان نامە و دەستنووسی ئۆرجیناڵی كۆنە كە زیاتر لە 6000 لاپەڕ‌ەی دەستنووسی زانایانی كوردستانی لە خۆگرتووە، بەڕ‌ێوەبەری پێشو و دامەزرێنەری ناوەندی كوردستانیش دەڵێت: "ناوندەكە بەپشتیوانی جێگری سەرۆك وەزیران و بەهاوكاری د.یوسف گۆران دروستكرا، كە لەو سەردەمەدا زانكۆی سلێمانی یەكەم زانكۆ بووە لە هەرێم ناوەندێكی لەو جۆرەی هەبێت".

پ.ی.د.هەردی مەهدی میكە، بەڕ‌ێوەبەری پێشو و دامەزرێنەری ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی لە زانكۆی سلێمانی لەكاتی ماڵئاوایی لەپۆستەكەی رایگەیاند:"كاتێك ناوەندی كوردستان بۆ دۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی-لە زانكۆی سلێمانی-مان لە 22-8-2018 دامەزراند، هیچ زانكۆیەكی كوردستان ئەرشیفێكی بەڵگە و دەستنووسی نەبوو، بە هاوكاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و بە هیمەت و پشتیوانی و پەرۆشی د.یوسف گۆران كە (وەزیری ئەوكاتی وەزارەتی خوێندنی باڵا) بوو، بە پێشینەیەكی دارایی زۆر كەم ناوەندی كوردستانمان دامەزراند كە لە ئێستادا بووەتە جێی شانازی بۆ زانكۆی سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی باڵا".

راشیگەیاند: "لە ئێستادا ناوەندەكە خاوەنی زیاتر لە 250 هەزار بەڵگەی دیجیتاڵی و 50 هەزار ئۆرجیناڵ و ئەرشیفێكی تۆماركراوی ئەكادیمی كاغەزی و دیجیتاڵییە، هاوكات خاوەنی دەیان نامە و دەستنووسی ئۆرجیناڵی تاقانەیە و لە خۆگری زیاتر لە 6000 لاپەڕ‌ەی دەستنووسی زانایانی كوردستانە، هەروەها ناوەندەكە كتێبخانەیەكی هەیە كە زیاتر لە 10 هەزار ناونیشانی لەخۆ گرتووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "لە ماوەی كاركردنمان لەناوەندەكە پڕۆژەی مێژووی زارەكیمان بنیادنا و ئێستا هەردوو پڕۆژەی مێژووی زارەكیی خێزانەكان و مێژووی زارەكیی كۆڕ‌ەو لە گەرمەی كارەكانیدایە، جیا لەوەش هەزاران سەعاتی تۆماركراوی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندەكە 12 كتێبی مێژوویی و زانستە مرۆییەكانی چاپكردوە، هەروەها یەكەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتی بۆ دەستنووس و بەڵگەنامەی مێژووی كوردستان و دوو دیدار و دوو سیمپۆزیەم و سێ پێشانگای دەستنووس و بەڵگەمان ئەنجامداوە، ئەمە جگە لەوەی بە نزیكەیی هەفتانە سیمینار و وۆركشۆپی لەبارەی ئەرشیف و دەستنووس و بەڵگە و مێژووی كوردستانەوە پێشكەشكراوە".

زانكۆی سلێمانی تاقانە زانكۆ بوو كە بووە خاوەنی ناوەندێكی ئەكادیمیی ئەرشیفی دەستنووس و بەڵگەنامەیی، ناوەندەكە هەوڵی داوە كە دەستنووسە كۆنەكان ئەرشیف بكات و بیكاتە كلتور و ئێستا كێبڕكێ بۆ زانكۆكانی دیكە و دەزگاكانی دیكە دەكات و دوێنێ 27-5-2025، لە مەڕاسیمێكدا پ.ی.د.هەردی مەهدی میكە ماڵئاوایی كردو لەجێی د.ئەژی ئازاد ئەو پۆستەی وەرگرت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP