ئیدارەی سەربەخۆی ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە گەڕاندنەوەی خێزان و منداڵانی چەکدارانی داعش کە بە ڕەچەڵەک سوورین، لە کەمپی هۆلەوە بۆ زێدی خۆیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی حکومەتی سووریا ڕێكکەوتن.
شێخمووس ئەحمەد، سەرۆکی نووسینگەی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند: ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە دانانی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ گەڕاندنەوەی خێزان و منداڵانی چەکدارانی داعشی بەڕەچەڵەک سووریی لە کەمپی هۆلەوە بۆ ناوچەکانیان.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێککەوتنەکە دوای کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی دێت لە کەمپی هۆل لەنێوان وەفدێکی حکومەتی سووریا و وەفدێکی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نوێنەرانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو.
کەمپی هۆل لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)دایە، دەکەوێتە باشووری شاری هۆل لە پارێزگای حەسەکە و نزیک سنووری عێراق، خێزان و منداڵانی ئەندامانی داعشی تێدایە. نزیکەی 43 هەزار چەکداری پێشوو و ژن و منداڵی ئەندامانی داعش لەو کەمپە کۆکراونەتەوە، لەو ژمارەیە 18 هەزاریان خەڵکی عێراقن.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP