نێچیرڤان بارزانی: كاروانی پێنج ده‌یه‌ خه‌باتی یه‌كێتی شایسته‌ی رێزو پێزانینه‌

کوردستان
16:03 - 2025-06-01

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە یادی 50 ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلی زێڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی سەرۆك بافڵ و سەركردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتی دەكات و رایدەگەیەنێت: "جەخت لە ئامادەیی و رۆڵی گرنگی یەكێتی لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستان و عیراقدا دەكەینەوە و كاروانی پێنج دەیە خەبات و تێكۆشانی یەكێتی، شایستەی رێز و پێزانینە". 

دەقی پەیامەكە:
 
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
 
سڵاو و رێز..
 
لە یادی (50) ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلی زێڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە بەڕێزتان و سەركردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەم، هیوای سەركەوتن و پێشكەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
 
لەم یادەدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەكێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئەو شەهید و تێكۆشەرانە بەبیر دەهێنینەوە كە لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، قوربانییان بۆ ئازادی داوە‌. كاروانی پێنج دەیە خەبات و تێكۆشانی یەكێتی، شایستەی رێز و پێزانینە.
 
جەخت لە ئامادەیی و رۆڵی گرنگی یەكێتی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و عیراقدا دەكەینەوە. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێكی بەهێزی پتەوكردنی یەكڕیزیی نیشتمانی و پێكەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی كوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان، هەروەها بۆ كاركردنی هاوبەش لەپێناو پاراستنی دەستكەوتەكان و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی كوردستان.
 
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2025/6/1

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP