سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچێتە بەغدا. راشیگەیاند: '' تاوەکو نیوەڕۆ، پارەی مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت''.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیاند: ''بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە دوێنێ پارەی مووچەی مانگی ئایار نەنێردرا، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ تاوەکو نیوەڕۆ بنێردرێت و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی بکرێت''.
ئەو سەرچاوەیە وتی: ''هەر ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 6 دەستپێدەکات، دواتر لیستەکە رادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت''.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە وەزارەتی دارایی، ''شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچنە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهات و خەرجی مووچەی مانگی 6 و مانگەکانی دواتر و رێکارەکان تاوتوێ دەکەن''.
لەبارەی خشتەی مووچەی مانگی ئایار، ئەو سەرچاوەیە وتی، ''هەر ئەمڕۆ دوای گەیشتنی پارەکە، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار رادەگەیێندرێت؛ لیستەکە بە هەمان شێوەی مانگەکانی پێشوو دەبێت و هەوڵدەدرێت لە کەمترین کاتدا مووچەی هەموو فەرمانبەران دابەشبکرێت''.
دوێنێ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئایاری 2025 کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستای بە کۆمپانیای سۆمۆ.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق راگەیاند، ''کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتووش (6 و 7) خەرج دەکرێت.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP