چۆن منداڵەکان لەکاتی تووشبوون بە پەتا وەرزییەکان چارەسەر بکەین؟

ڕێبین رەمەزان
10:41 - 2024-11-12


منداڵان ساڵانە شەش بۆ هەشت جار توشی نەخۆشییە وەرزییەکان دەبن، کە ئەو ڕێژەیە دوو هێندەی توشبوونی کەسێکی پێگەیشتووە بەو نەخۆشیە، بەڵام بەشێکی زۆری ئەو دەرمانانەی کە هەن، کاریگەرییان لەسەر نەخۆشیەکە نابێت.
دەبینین هەرچەندە دەرمانخانەکان پڕن لەو دەرمانانەی کە دەوترێت چارەسەری نیشانەکانی پەتای وەرزیی دەکەن، بەڵام بەڵگەیەکی کەم لەئارادایە کە زۆرێک لەو دەرمانانە کاریگەرییان هەبێت، جگە لەوەش هەندێکیان بۆ منداڵان و ژنانی دووگیان شیاو نین.
پەتای وەرزیی دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئازاری قوڕگ، لوتگیران، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و پژمین و هەندێکجاریش هەستیاری. 
بەڵام ئەم نیشانانە لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەک یان زیاتردا خۆیان دەبێت نەمێنن.
چۆن چارەسەری لوتگیرانی منداڵان بکەیت؟
باشترە دایک و باوکان پاککەرەوەی لوت (سالین) بۆ چارەسەری هەڵامەتی منداڵەکانیان بەکاربهێنن کە ئاوی سوێری تێدایە.
بەکارهێنانی ئاوی سوێر بۆ پاککردنەوەی لوتی منداڵ زیانی لاوەکی نیە و دەتوانرێت بۆ چەند جارێک لە ڕۆژێکدا بەکاربهێندرێت، هەروەها سەلمێندراوە کە ئاوسانی لوت کەمدەکاتەوە هەروەها دەتوانرێت شروبی پاراسیتامۆڵ بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی بەکاربهێنی.
چی بەکارنەهێندرێت؟
واباشترە سپرای لوت کرانەوە بەکارنەهێنرێت چونکە، بۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٢ ساڵ گونجاو نیە و زیانی لاوەکی هەیە، وەک: گێژبوون و ئازاری سک. هەروەها شروبی کۆکە بۆ منداڵان بەکارنەهێندرێت، چونکە ڕێگریکردن لە کۆکە وادەکات منداڵ نەتوانێت ئەو بەڵغەمە فڕێبدات کە لە قوڕگیدا دروست دەبێت.
هەروەها دەرمانی هەوکردن ( ئیلتیهابات)تەنها چارەسەری ئەو نەخۆشیانە دەکات کە بەهۆی بەکتریاوە توشدەبن و سوودی بۆ پەتای وەرزی نابێت، بەو پێیەی هۆکاری توشبوونی ئەم نەخۆشییە زیاتر ڤایرۆسە، لەهەمانکاتدا “پێشنیازناکرێت هەڵم یان کرێمی چەورکردن بۆ منداڵان بەکاربهێندرێت“
 بە گوێرەی دەزگای تەندروستیی نیشتمانی کە دەزگایەکی حکومیی بەریتانییە. بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نیە کە (ڤیتامین سی، زینک و سیر) ڕێگری لە توشبوون بە پەتای وەرزی بکەن یاخود چارەسەری ئەو نەخۆشییە خێراتر بکەن.
کەی منداڵ ببرێت بۆ نەخۆشخانە؟
پسپۆڕانی تەندروستی لە بەریتانیا رێنمایی دەدەنە ئەو دایک و باوکانەی کە منداڵەکانیان توشی نەخۆشیە وەرزییەکان بوون، لە سێ حاڵەتدا منداڵەکانیان نیشانی پزیشکی پسپۆڕ بدەن:
١- کاتێک پلەی گەرمی لەشی منداڵ ٣٨.٥ پلەی تێپەڕاند.
٢- ئەگەر منداڵەکە توشی هەستیارییەک بوو.
٣- ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشیەکەی دوای چەند ڕۆژێک کەمنەبووەوە.
پزیشکەکان ڕێنمایی ئەوەش دەدەن، لەکاتی توشبوون بە نەخۆشییە وەرزییەکان، ئاوی زۆر بدرێت بە منداڵان، ئەو نەخۆشیەش زیاتر بەهۆی ڤایرۆسەوە بڵاودەبێتەوە، لەبەر ئەوە بۆ خۆپارێزی دەستیان بەردەوام بە ئاوی گەرم بشۆن.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP