لە ھەڵبژاردن خەمە نەتەوایەتییەکە لە بیر مەکەن

يوسف ته‌ها
14:02 - 2021-09-23

لە پێناسەی دیموکراسی وەک ئەمرێکی سیاسی، ھەڵبژاردن و بوونی ھەڵبژاردن وەک یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسی دەناسرێت، بەڵام بوونی ھەڵبژاردن بە تەنھا بە مانای دیموکراسی نییە، ھەڵبژاردن یەکێک لە بنەماکانی دیموکراسییە نەک ھەموو دیموکراسی.

گەر زیاتر وردبینەوە و خۆمان دەربازبکەین لە پێناسەکەی، ئەوە ھەڵبژاردن پەیوەستە بە تاکتیک و ھونەر "فەن"ـەوە، ئەم سیستەمە نوێیەی ئێستای ھەڵبژاردن لەعێراقدا کەخۆی لە فرە بازنەیدا دەبینێتەوە، ئەوە دەرفەتی باش بۆ نزیکبوونەوەی کاندید و ھاوڵاتی دروست دەکات، لە جوگرافیایەکی دیارکراودا.
تائێرە تەواوی ئەم پرۆسەیە بابەتێکی تەواو بەبایەخە بۆ وڵاتێکی دیموکراسی و تەکنۆکرات.
بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە عێراقـەوە بابەتێکی تەواو جیاوازە لەم پرۆسە نوێیەدا ھەرچەندە ڕۆڵی کاندید وەک تاک زیاتر دەبینرێت بەپێچەوانەی خولەکــانی پێشوو کە حیزب لە چوارچێوەی قەوارەیەکدا کاندیدەکــانی دەناساند و حیزب باڵادەستی بانگەشە و دیاریکردنی کاندیدەکان بوو، بەڵام ھونەری ئەم ھەڵبژاردندا بۆ کەرکوک تەواو جیاوازە، گەر کوردی کەرکوک خۆی چوارچێوەیەی ھونەرێکی ئەقڵانیدا نەبینێتەوە ئەوە پرۆسەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە کە لەئەنجامدا زەرەرمەندی یەکەم کورد و دۆزە ڕەواکەیەتی.

 لە ئێستادا لە بازنەی ڕۆژھەڵاتی کەرکوک کە زۆرینەی دەنگدەران و دانیشتیوانی کوردە پێنج کورسی(معقد)ـی بۆ دیارکراوە، ڕێژەیەکی زۆری کاندیدانی سەربەخۆ دەبیرنرێت خۆیان پاڵاوتوە کە بەشێکی زۆریان خاوەنی کیانی حیزب و جەماوەری نین و کاریگەری نەرێنی لەسەر دەنگی کورد دروست دەکات بەشێویەک کە دەنگی کورد لەم بازنەیەدا پەرت و بڵاو دەبێت، خۆ ئەگەر سبەی ھەر پاڵێورێکیش لەم بەڕێزانە دەنگی پێویست بھێنێت ئەوە بەھەمان شێوە ڕۆڵ و کاریگەریان نابێت چ لە ئەنجومەنی نوێنەران چ لەوەی پەیوەستە بە ڕەوشی کەرکوکەوە، چونکە دەرئەنجام ئەو کاندیدە دەرچوە دەتوانێت خاوەنی دەنگێکی بەرز و دلێربێ کە حیزبێکی خاوەن جەماوەر و دیسپلینکــراو، ھاوکار و پاڵپشتی بێت.

لەچوارچێوەی ئەم بازنەیەشدا،ھاوپەیمانێتیەک بەدی دەکرێت کە لە دو حیزبی خاوەن جەماوە و کاریگەری ساحەی سیاسی کوردستان و کەرکوک و عێراق پێکھاتوە کە بە حەوت کاندید کە دابەشی دوو بازنەی کەرکوک کراوە،خۆیان لە چواچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان ڕێکخستوە،لێرەدا دۆخی ئەقڵانی ھونەری ھەڵبژاردن پێمان دەڵێت"کە پێوسیتە کوردی شارەکە دەنگ بەو کاندیدانە بدات کە لە چوارچێوەی ئەو ھاوپەیمانێتیەدان،چونکە سبەی ئەوەی دەتوانێت دەنگێکی دلێر و خاوەن قەرار بێت لە بڕیاری سیاسی کەرکوک،ئەو نوێنەرەیە کە خاوەنی حزبی بەھێز و جەماوەرییە،نەک کاندیدێکی سەربەخۆی و بێ پاشخانی حزبی بەھێز.

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP